تره‌مپ چاوی له‌ هێزێكی عه‌ره‌بییه‌ له‌ سووریا شوێنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بگرێته‌وه‌

تره‌مپ چاوی له‌ هێزی عه‌ره‌بییه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مریكا به‌نیازه‌ هێز و پاره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ سووریا به‌كاربێنێت و هێزه‌كانی خۆی بكشێنێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، حكوومه‌تی ئه‌مریكا پلانێكی داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ‌دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش بكشێته‌وه‌ و له‌دوای خۆیشی هێزی وڵاتانی عه‌ره‌بی و پاره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ سووریا به‌كاربێنێت و له‌جێی هێزه‌كه‌ی خۆی نیشته‌جێیان بكات.

پێدەچێت پرسی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان بووبێتە بەشێک لە بەرنامەی واشنتن، بەڵام واشنتن دەیەوێ بەرنامە بۆ قۆناخی دوای کشانەوەی خۆی دابڕێژێت.

به‌ گوێره‌ی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (واڵ ستریت جۆرناڵ) بەرپرسانی ئەمه‌ریکی ئەوەیان راگەیاندووە کە واشنتن دەیەوێ لە بری خۆی هێزێکی عەرەبی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جێگیربکات.

وەک ڕۆژنامەکە دەڵێت بۆ گەنگەشەکردنی ئەم پرسە جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ترەمپ پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسرییەوە کردووە و داوای لێکردووە ڕۆڵیان هەبێ لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە دوای نەمانی داعش.

ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر لە زاری خودی دۆناڵد ترەمپەوە ئەمریکا داوای یارمەتی دارایی لە سعودیە و قەتەر و ئیمارات کردبوو.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامەکە سعودیە و ئیمارات قبوڵیان کردووە کە هاوکاری دارایی ئەو پرۆسەیە بکەن بەڵام نەزانراوە ئاخۆ بەرپرسانی قاهیرە رازی بوون یاخود نا.

هاوکات ڕۆژنامەکە ئەوەشی بەدوور نەزانیوە کە لەگەڵ ئەو هێزە عەرەبییەدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکاش گەر ژمارەشیان کەمبێت بمێننەوە, چونکە بە گوتەی ئەو مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بە ژمارەیەکەی کەمیش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هێزە عەرەبییەکە باشتر پارێزگاری لەو ناوچانە بکەن.

ئه‌وه‌ش دەبێتە هۆی ئەوەی سووریا هەوڵنەدات بە یارمەتی رووسیا ئەو ناوچانە کۆنترۆڵبکاتەوە کە ئێستا لە ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتن.

چونکە لە ئەگەری چوونیان هێزەکە ئەرکی سەرەکی کارکردن دەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.

پێشتر ئیدارەی ترەمپ بە ئاشکرا رایگەیاندبوو ئەوان تا بەزاندنی داعش بوونی سەربازییان لە سووریا بەردەوامی پێدەدەن، بەپێی پێشبینییەکانیش لە نێوان پێنج هەزار بۆ دوازدە هەزار چەکداری داعش هێشتا لە سووریان و هەوڵی ڕێکخستنەوەی ریزەکانیان دەدەن.

ا. م