ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی رۆژئاوای كه‌ركووك كۆتاییهات
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند: "هه‌موو ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان له رۆژئاوای كه‌ركووك كۆتاییان هاتووه‌و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی حه‌ویجه كه له ساڵی 2014 وه له‌ژێر ده‌ستی داعشدابوون، كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه".
له به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌بادیدا هاتووه "له رۆژی سێشه‌ممه‌وه سه‌رجه‌م ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی رۆژئاوای كه‌ركووك كۆتاییهاتووه‌و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی حه‌ویجه و چیای مه‌كحول و حه‌مرین به ته‌واوی كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه".
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه رایگه‌یاندووه: "سوپا و هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و دژه تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبی، به پاڵپشتی فڕۆكه‌كان، ناوچه‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌ته‌وه‌و كۆتایی به ئه‌ركه‌كانیان هێنراوه".
به‌ڵام پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی دیبكای ئیسرائیلی كه له هه‌واڵگری ئه‌و وڵاته‌وه نزیكه رایگه‌یاندبوو: "حه‌ویجه شه‌ڕی تێدا نه‌كراوه‌و به‌هۆی رێككه‌وتنێكی نێوان سوپای عێراق و سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه و سه‌ركرده‌كانی داعش راده‌ستی ھێزه عێراقییه‌كان كراوه‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا رێگایه‌ك بۆ چه‌كدارانی داعش و خێزانه‌كانیان كراوه‌ته‌وه تا ناوچه‌كه جێبهێڵن".