دەستژمێری بیانووی لایەنە ناڕازییەكان دەبڕێت

گۆڕان و كۆمەڵ بێدەنگی دەنوێنن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای  ژماردنەوەی دەنگەکانی کەرکووك و سلێمانی کە زۆرترین سکاڵای لایەنەکانی  لەسەر بوو، ئێستا دەگوترێت كە لایەنە ناڕازییەکان ھیچ بیانوویەکیان بەدەست نەماوە بۆ بایکۆت کردنی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا، بەڵام ئەو لایەنانە لای خۆیانەوە سوورن لەسەر کۆنەبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی، لەسەر پرسی بەشداربوون لەحکوومەتی نوێی عێراق.

عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێشتا دادگای فیدراڵی عێراق قبووڵی دەرئەنجامەكانی نەكردووە، لای ئێمە ئەو ئەنجامانە قبووڵكراو نین، ھەر لەسەرەتاوە ئەنجامەكانمان رەتكردووەتەوە. بە بڕوای من پارتە دەسەڵاتدارەكانی ھەرێمی كوردستان بارودۆخێكی وایان نەڕەخساندووە تا لەگەڵ ھێزو لایەنە سیاسییەكانی دیكە بە یەكدەنگی و ھەماھەنگی بچنەوە بەغدا".

کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، ئامادەنین لەسەر ئەو بابەتە ھیچ شتێك بڵێن و بەرپرسێکی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریش رایدەگەیەنێت، ھەڵوێستی لایەنە ناڕازییەکان بۆ ئەو پرسە یەك دەبێت.

لەوبارەوە عوسمان  گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوبردنی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ھێشتا ھیچ بڕیارێك لەوبارەوە نەدراوە، ئەگەر بڕیاربدرێت ئەوا بڕیاری ھاوبەشی لایەنە ناڕازییەكان دەبێت، لای ئێمە تانەی دەنگە دزراوەكان گرنگە".

پاش ئەوەی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەپرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لەزۆربەی ئەو پارێزگایانە رووینەدا کە تانەی لایەنەکانی لەسەر بوو، لێرەو لەوێ ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق رەخنە لەلایەنە ناڕازییەکان دەگرن و دەڵێن، دەرئەنجامەکان دەریدەخەن کە لایەنەکان تۆمەتیان داوەتە پاڵیان، بۆیە لە ھەوڵدان کە رێکاری یاسایی بگرنە بەر و لایەنەکانیش رایدەگەیەنن، با ساختەکارەکان بدۆزنەوە و ئەوکات تۆمەتیان بدەنە پاڵ.

ھ.م