گوتەبێژی حكوومەت: لەگەڵ پەسەندكردنی بودجە رێككەوتنی ھەولێر و بەغداش جێبەجێ دەكرێت

سه‌ری ساڵی نوێ واده‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سەری ساڵی نوێ وادەی كەوتنە بواری جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدایە، بە كه‌ به‌گوێره‌ی رێككەوتنەكە ھەرێمی كوردستان لە 1ی كانوونی دووه‌می ساڵی نوێوە رۆژانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت لەرێی كۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردەی دەرەوە دەكات، لە بەرامبەردا بەغدا بودجەی تەواو بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان ھەولێر و بەغدا پەیوەستە بە پەسندكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2020 لە پەرلەمانی عێراق.

له‌مباره‌یه‌وه‌ جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، لەگەڵ پەسه‌ندكردنی بودجەی گشتی 2020 ی عێراق، رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت لەرێی كۆمپانیای سۆمۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە پێچەوانەوە دواخستنی پەسندكردنی بودجەی گشتی عێراق وا دەكات جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەش دوابكەوێت.

ئێستاش كه‌ پرۆژەی یاسای بوودجەی گشتی عێراق، لە ئه‌نجوومةنى وه‌زيرانى عيراقه‌، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە بەپێی یاسا حكوومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت بودجە بۆ پەرلەمان بنێرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە پرۆژەیاسایەكە پێویستی بە واژۆی سەرۆك وەزیرانی نوێ ھەیە، لەكاتێكدا تا ئێستا ھیچ كەسێك بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ رانەسپێردراوە.

شێروان میرزا، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش دەڵێت: ھەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیران پێویستی بە رێككەوتنە لەگەڵ كورد.

بەگوێره‌ی قسەی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، شاندەكە توانیویانە بەشی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لە 12.67 زیاتر بكەن و سەرجەم شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و پێشمەرگەش تێییدا جێگیر كراوە.

H.B