"توركیا ده‌یه‌وێت له عه‌فرینه‌وه تا كه‌ركووك داگیر بكات"
K24 - هه‌ولێر:
شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" له شاری هه‌ولێره‌وه رایگه‌یاند: "توركیا به‌نیازه له شاری عه‌فرینه‌وه تا شاری كه‌ركووك داگیر بكات".
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده كه له باره‌گای حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه‌وه قسه‌ی بۆ میدیاكان ده‌كرد گووتی: "توركیا له عه‌فرین چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی به‌كارهێناوه‌و رووسیا گڵۆپی سه‌وزی بۆ ئه‌نقه‌ره هه‌ڵكردووه".
شاهۆز حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی عه‌فرین ده‌كه‌نه ئامانج و ده‌یانه‌وێت ناوچه‌كه داگیر بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئێستا رۆڵه‌ی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له عه‌فرین به‌رخودان ده‌كه‌ن و له داگیركارییه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بێ ده‌نگ نابین".
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده داوای له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كرد، به‌رامبه‌ر ره‌وشی عه‌فرین هه‌ڵوێستێكی روون بنوێنن و هه‌ڵوێستی باشووری كوردستان بۆ عه‌فرین نه‌ته‌وه‌ییه.
قسه‌كانی شاهۆز حه‌سه‌ن له كاتێكدایه كه رۆژی سێشه‌ممه 13/3/2018 سوپای توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا دوایین ره‌وشی مه‌یدانی شه‌ڕی عه‌فرینی راگه‌یاند و ئاماژه به‌وه‌كرد، ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا گرتووه كه گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و شه‌وی گه‌یشتووینه‌ته قۆناغی گه‌مارۆدانی شاره‌كه.
ماوه‌ی 54 رۆژه سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، هێرشی سه‌ر ناوچه‌كانی عه‌فرینیان ده‌ستپێكردووه‌و تا ئێستا زیاتر له 230 هاووڵاتی سڤیل شه‌هیدبوون و 668 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
په‌یوه‌ست به ره‌وشی مه‌یدانی عه‌فرین، برووسك حه‌سه‌كه گوته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" به كوردستان 24ـی راگه‌یاند: "سوپای توركیا ئاو و كاره‌با و هێڵی په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر عه‌فرین پچڕاندووه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه كێشه بۆ نزیكه‌ی ملیۆنێك دانیشتووی شاره‌كه درووستبووه".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش یه‌په‌گه ده‌ڵێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له عه‌فرین ناكشێینه‌وه‌و قۆناغێكی دیكه‌ی به‌رخودان به‌ڕێوه ده‌به‌ین.