ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: سكرتێری نوێ وەك مام جەلال دەسەڵاتی نابێت

ئه‌مساڵ سێ حزبی كوردستان كۆنگره‌ ده‌به‌ستن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای یەکلابوونەوەی وادەی کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامیش نیازی بەستنی کۆنگرەیان هەیە.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ، کۆنگرە پێش کۆتایی ئەمساڵ دەبەسترێ و لە بارەی هەڵبژاردنی سکرتێرێکی نوێشەوە ئاشکرای دەکات، هەر کەس ببێتە سکرتێر، هەمان دەسەڵاتی مام جەلالی نابێ.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا ھیچ پاساو و رێگرییەك نییە بۆ نەبەستنی كۆنگرە، لەلایەكی دیكە فشارێكی زۆر لەسەر سەركردایەتی ھەیە بۆ ئەوەی كۆنگرە بكەین، ئەم كۆنگرەیە تایبەتمەندی ھەیە، چونكە یەكەم كۆنگرەیە دوای كۆچی دوایی مام جەلال".

گوتیشی: "ئەنجوومەنی سەركردایەتی كاتی بەستنی كۆنگرە دیار دەكات، بەڵام بە گشتی كۆكین لەسەر ئەوەی ئەمساڵ كۆنگرە ببەسترێت".

ئارێز عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "ئەو دەسەڵاتانەی لە رابردوو بە سكرتێری گشتی درابوون، ئەوە بە مام جەلال دراون، نەك بە سكرتێر، ھەركەسێكی دیكە ببێتە سكرتێر، ئەو دەسەڵات و توانایەی مام جەلال ھەیبوو، ئەو نایبێ، بۆیە ئێمە بیر لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكەینەوە".

کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێکی دیکەیە لەو حزبانەی نیازی بەستنی کۆنگرەی هەیە، ئاشتکردنەوەی کادیر و سەرکردە توڕەکان و پێداچوونەوە بە دەسەڵاتەکانی کەسی یەکەم، گەورەترین تەحەدای بەردەم کۆنگرەکەیە.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بە کوردستان24ی گوت: "بڕیارمانداوە ئەمساڵ كۆنگرە ببەستین، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی كۆمەڵ و ئەمیریش ئەوە پەیوەندی بە پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵەوە ھەیە، لیژنەیەكمان داناوە، بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و چاوخشاندنەوەمان پێدا كردووە، لە كۆنگرە دەنگ لەسەر ناوی نوێی كۆمەڵ دەدرێت".

ئاشكراشی كرد: "لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر پێكھێنراوە، بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئەو سەركردە و كادیرانەی كۆمەڵ بكەن، كە نیگەران بوونە".

لە ناو حزبە کوردستانییەکاندا دواخستنی کۆنگرە بووەتە نەریتێکی باو، ئەمە هەندێک جار بە هۆکار و هەندێک جاریش بێ هۆکار بووە، چونکە بەستنی کۆنگرە بۆ کەم حزب کارێکی ئاسانە. لە بەستنی کۆنگرەش ئەستەمتر، ئەو ئاستەنگانەیە کە دوای کۆنگرە دێنە پێشەوە.

ھ.م