له‌ سنوورى برادۆست شه‌ڕى نێوان سوپاى توركيا و گه‌ريلاكانى په‌كه‌كه‌ ده‌ستيپێكرده‌وه‌

ئه‌ردۆغان چه‌ندين جار هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانكردنى قه‌نديلى كردبوو

K24 – هه‌ولێر:

په‌يامنێرى كوردستان24، له‌ سنوورى ناحيه‌ى سيده‌كان رايگه‌ياند، شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌ نێوان سوپاى توركيا و گه‌ريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) له‌ ناوچه‌ى برادۆست ده‌ستيپێكردووه‌ته‌وه‌.

ته‌يفور محه‌ممه‌د، په‌يامنێرى كوردستان24، له‌ سنوورى سيده‌كان گوتيشى: به‌ هۆى پێكدادانه‌ چه‌كدارييه‌كانه‌وه‌، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا ده‌ستيانكردووه‌ به‌ تۆپبارانكردنى ناوچه‌كه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، سوپاى توركيا به‌ چڕى ناوچه‌كانى چياديل، گه‌رووى كه‌ورت، چياكه‌وێت، گه‌لى خواكورك، خواكورك تۆپباران ده‌كات.

له‌ مانگى (ئازار/ مارس)ـى ئه‌مساڵه‌وه‌ سوپاى توركيا له‌ دژى گه‌ريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان ئۆپراسيۆنى زه‌مينى و ئاسمانى ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان چه‌ندين جار هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانكردنى قه‌نديلى كردبوو به‌سه‌ر گه‌ريلاكانى په‌كه‌كه‌دا.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ند لێدوان و راگه‌يه‌ندراوێكدا، داواى له‌ گه‌ريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان كردووه‌، له‌ خاكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كرده‌وه‌ى چه‌كدارى له‌ دژى ئاسايشى توركيا ئه‌نجام نه‌ده‌ن و خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌جێبهێڵن.

 ئ.ر