به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سلێمانی دوای چاكبوونه‌وه‌ی له‌ كۆرۆنا گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی

دوای 12 رۆژ هه‌ستی بەباشی کردووە و دواتر کە پشکنینی کردووە ڤایرۆسەکەی تێپەڕاندووە
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە پارێزگای سلێمانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاك بووەتەوە و ئێستا دەوامی ئاسایی خۆی دەکات، ئەو باس لە و کاتە دەکات، کە ھەستی بە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و دەشڵێت: لە پێناو خزمەت کردن بە ھاووڵاتیان بڕیاریداوە زوو بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: نازانێت سەرچاوەی تووشبوونەکەی چۆن بووە و له‌كوێ بووه‌، ئومێد عەلی، ئەو پزیشكەی کاتێك ھەستی بە نیشانە سووکەکان کردووە، لە کارەکەی ھەر بەردەوام بووە، بەڵام دواتر ھەستی بە ئازارێکی زۆر كردووه‌ کردووەو نەیتوانیوە بەردەوام بێت و دەشڵێت: ئازارەکەی ھێندە زۆرە وەسف ناکرێت.

دكتۆر ئومێد دوای 12 رۆژ هه‌ستی بەباشی کردووە و دواتر کە پشکنینی کردووە ڤایرۆسەکەی تێپەڕاندووە و بەردەوام بیری لای کارەکەی و خزمەت کردن بە ھاووڵاتیان بووه‌، بۆیە بە زوویی گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی و ئێستا دەوام و کاری ئاسایی خۆی دەکات، بەڵام بە خۆپارێزییەکی زۆرەوە، ئامۆژگاری ھاووڵاتیانیش دەکات، پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن.

بەھۆی بەرکەوتەی زۆریان لەگەڵ گومانلێکراوان و ھەڵگرانی ڤایرۆسەکە، ژماره‌یه‌كی زۆری کارمەندان و پزیشکان لە ناوەندە تەندروستیەکان ھەڵگری ڤایرۆسەکەن، بەشی هه‌ره‌ زۆریشیان لە پارێزگای سلێمانین، چونکە زۆرترین رێژەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌و پارێزگایه‌ تۆماركراون.

H.B