سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ ڕێواز فایه‌ق ده‌كات

"هيوادارم به‌ ئه‌زموون و شارەزاییتان له‌ كارى په‌رله‌مانى خزمه‌تێكى باشتر به‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن"

K24- هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی, سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ ڕێواز فایه‌ق ده‌كات، به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست:

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەڕێز خاتوو د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتانه‌وه‌ به‌ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، به‌گه‌رمى پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ خۆتان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دەخوازم.

پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە چەسپاندنی یاسایيی مافەكانی گەلی كوردستان و ڕێكخستنی ژیانی مەدەنی و ئیداری لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەركردنی یاسا و بڕیارە پێویستەكانه‌وه‌. هيوادارم به‌ ئه‌زموون و شارەزاییتان له‌ كارى په‌رله‌مانى و به‌ هاوكاريى هه‌موو فراكسيۆنه‌كان، خزمه‌تێكى باشتر به‌ قۆناغى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت و هاوكار ده‌بين، بۆ سه‌رخستنى كاره‌كانى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێناو قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌زموونى ديموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى سيسته‌مى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

لەگەڵ ڕێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

11/7/2019

H.B