"سه‌رۆك بارزانی رێگری له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد"

میدیا جیهانییەکان هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك بارزانی به‌رز ده‌نرخێنن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا میدیا جیهانییەکان بە گرنگییەوە باس لە رۆڵ و پێگەی سەرۆك مەسعود بارزانی، لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و دواتریش رێگریکردن لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ لە نێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. جەختیش دەکەنەوە، ویستی عێراق دەستگرتن بوو بەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام کوردستان پێداگیری لەسەر مانەوەی خۆی کرد.

میدیا جیهانییەکان لە ساڵیادی 16ی ئۆکتۆبەر، هەڵوێست و هەنگاوەکانی سەرۆك بارزانی، بەرزدەنرخێنن و ئاماژە بەوەشدەدەن، سەرۆك بارزانی رێگری لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە.

گۆڤاری زە ئەتلەنتیکی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا، رێژەی دەنگی بەڵێی سەربەخۆیی دەبەستێتەوە بۆ خواستی سەربەخۆیی کورد لەو چوارچێوە داخراوەی بەزۆر تێیدا قەتیس کراوە. جەختیشدەکاتەوە، سەرۆك بارزانی، سەربەخۆیی نزیکتر کردووەتەوە و نەیارەکانیشی سەربەخۆیی کوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی رەتدەکەنەوە. لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی پرسی کوردیش لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی هەرێمی هۆشداری لە دووبارە هەوڵدانی کورد بۆ سەربەخۆیی دەدات.

گۆڤارەکە نووسیویەتی، سەرۆك بارزانی، بە سەرکردایەتی کردنی پرۆسەی ریفراندۆم پێگە و سەرکردایەتی خۆی قاییمتر کرد، سەرەڕای رێگری و دژایەتی پارتە باڵادەستەکانی سلێمانی کە رەتیدەکەنەوە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ بن.

هاوکات گۆڤاری فۆرن پۆلەسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات،  لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ‌حکوومەتی عێراق بە هاندانی تورکیا و ئێران بەنیازی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دەروازەی فیشخابور بوو، هەر وەك چۆن ئێران لە سنووەکانی گەمارۆی خستە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام  هەرێمی کوردستان لەسەر هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچە گرنگە و  سەربەخۆیی ئابوری پێداگیریکردووە.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی بلوومبێرگی ئابووری لە راپۆرتێکدا کاریەگری نەوتی کوردستان روون کردووەتەوە؛ هەرێمی کوردستان خاوەنی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتە، کە زیاترە لە نەوتی نایجیاریا، کە ئەو وڵاتە سەربەخۆشە، هەروەها لە رووی بڕو چۆنایەتی نەوتی کوردستان وا دەکات لەئەگری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، یەکسەر ئەندامێتی لە رێکخراوی ئۆپێکی جهیانی  بەدەستبهێنێت.