سيناریۆ مه‌ترسیداره‌كانی شه‌ڕی ناووكی به‌م شێوه‌یه ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
راپۆرتێكی ناوه‌ندی RANDى ئه‌مه‌ریكی بۆ توێژینه‌وه, له گۆڤاری ناشناڵ ئینتێرێست بڵاوكراوه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات، به كه‌متر له 60 كاتژمێر، رووسیا ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا بكات.
شاره‌زایانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی توێژینه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌و حاڵه‌ته‌دا، ناتۆ، له‌سه‌ر شێوه‌ی "هێرشێكی پێچه‌وانه‌ی خوێناوی" وه‌ڵامی رووسیا ده‌داته‌وه و له‌و شه‌ڕه‌شدا، چه‌كی كۆكوژ و ته‌نانه‌ت چه‌كی ناووكیش به‌كارده‌هێنرێت، له به‌رامبه‌ریشدا رووسیا، په‌نا بۆ به‌كارهێنانی هه‌مان چه‌ك ده‌بات.
راپۆرتی راند، ئه‌وه‌ش به‌بیر ده‌هێنێته‌وه، رووسیا له ساڵی 1993ه‌وه ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه بووه ده‌ستپێشخه‌ری له به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی بكات كه له‌سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌ت باوه‌ڕی به به‌كارهێنانی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا جارێكی دیكه مۆسكۆ ئه‌وه‌ی به‌بیر هه‌موو لایه‌ك هێناوه‌ته‌وه، بێ دوودڵی په‌نا ده‌باته به‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌كه، ئه‌گه‌ر هێرشێكی به‌رفراوانی بكرێته سه‌ر له‌لایه‌ن سوپای دوژمنانییه‌وه.
راپۆرته‌كه، تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی رووسیا، به ئاسانی ده‌توانێت وڵاتانی به‌ڵتیك داگیر بكات، به‌ڵام به روونی ئاماژه‌ی به وه‌ڵامه‌كانی ناتۆ نه‌كردووه، ته‌نها ده‌ڵێت: "ناتۆ ژماره‌یه‌كی كه‌م بژاره‌ی به‌ده‌سته، یان ئه‌وه‌تا هێرشێكی پێچه‌وانه‌ی خوێناوی پڕ له مه‌ترسی بكات، یان دووباره بچێته‌وه ناو شه‌ڕێكی سارد، دوا بژاره‌ش، راگه‌یاندنی شكسته به‌رامبه‌ر رووسیا، كه ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی مه‌ینه‌تی بۆ وڵات و گه‌لانی به‌ڵتیك".
به گوێره‌ی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی ناوه‌ندێكی سه‌ر به گۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی سارد، مۆسكۆ هه‌نگاو به هه‌نگاو، چه‌كه ناووكییه نا ستراتیژییه‌كانی له‌ناو برد، به‌ڵام تا ئێستاش خاوه‌ن 4 هه‌زار چه‌كی ناووكی تاكتیكییه.