چوار كەس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی دەستگیر كران

لە سكاڵای كەسێك ئاشكرا تۆمەتباران كراون

K24 - سلێمانی

چوار تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیر كران، كە بەناوی نوشتە و جادووەوە پارەیان لە كچان و ژنان وەرگرتووەو دەستدرێژییان كردوونەتە سەر.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "رۆژی 9/12/2018، هاووڵاتییەك لە بنكەی پۆلیسی كوردسات سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك بەناوی (ج ، م ، ح ) كە چۆتە لای بە مەبەستی جادوو سیحركردن، دەستدرێژی كردووەتە سەری. دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی و پاشان بۆ لێكۆڵینەوە سكاڵاكار نێردرا بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشكنین، راپۆرتی پزیشكی سەلماندنی كە سكاڵاكار دەستدرێژی كراوەتە سەر".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە: "پاش بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و لێكۆڵینەوە لە شوێنی تۆمەتبار توانرا رۆژی 10/12/2018، تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر بكرێت و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەكەیدا و وتویەتی كە دەستدرێژی كردووەتە سەر سكاڵاكار و ئافرەتێكی تریش وە پارەی لە چەند ئافرەتێكی تریش وەرگرتووە بە مەبەستی جادوو و سیحر كردن بۆیان".

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا هەریەك لە تۆمەتباران ( ه ، ع ، ع ) ، ( م ، ع ، خ ) و (أ ، ح ، ڕ ) كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردووە بەجۆرێك بە ناوی سیحر و جادووەوە پارەیان لێوەرگرتوون و دەستدرێژییان كردونەتە سەریان".

ئەوەشخراوەتەروو: "سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان بەردەوامە".

بۆیە لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بە فێڵ و تەڵەكەی ئەم جۆرە كەسانە تێنەكەون و لە هەرشوێنێك لەم جۆرە كەسانە هەبوو پەیوەندی بە هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن و هەركەسێكیش سكاڵای هەیە دەتوانێت بچێتە بنكەی پۆلیسی كوردسات و سكاڵای خۆی تۆمار بكات .