ھێرشی زەمینی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دەستیپێكرد

زیاتر لە 40 ھەزار شەڕكەر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، كاتژمێری سفری بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەری رۆژئاوای نەینەوا راگەیاند و ھێرشی زەمینی بۆ سەر تەلەعفەر دەستیپێكرد.

بۆردوومانە ئاسمانییەكان بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لە تەلەعفەر چەند رۆژێكی خایاند، زیاتر لە 40 ھەزار شەڕكەریش لە ھێزەكانی عێراق بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی زەمینیدا دەكەن و سەرجەم پێكھاتەكان لە ھێزەكانی عێراق بەشداردەبن.

حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: "شاری تەلەعفەر خۆی بۆ رزگاربوون ئامادە دەكات و ھێزە ئازاكانمان بە ھەوڵ و قوربانیدان، خۆیان بۆ رزگاركردنەوەی ئەم شارە خۆڕاگرە ئامادە دەكەن، بە داعشەكانیش دەڵێم ھیچ بژاردەیەكتان لەبەردەمدانیە، جگە لە خۆرادەستكرد یان مردن، وەك پێشتریش گوتومانە لە كاروانی رزگاركردنەوە بەردەوام دەبین، ھەموو ئەو شەڕانەی لەم كاروانە ئەنجاممان داوە، تیایاندا سەركەوتووبووین، لەھەموو شەڕەكانیشدا چارەنووسی داعشەكان تەنیا كوژران و شكست بووە".

ھێزەكانی عێراق بە سەرجەم پێكھاتەكانییەوە لە ئۆپراسیۆنەكە دەكەن، ھەرچەندە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەكان رەتیدەكاتەوە بەڵام، سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق ئاماژەیان بە بوونی بنكەیەكی سەربازی ھێزەكانی ئەمریكا بە دووری 35 كیلۆمەتر لە تەلەعفەر كردووە، بۆ سەرپەرشتیكردنی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، بنكە سەربازییەكە، 10 فڕۆكەی جەنگی و 31 تانك و زریپۆش و ژمارەیەك سەربازی تێدا جێگیركراون.

تەلەعفەر دەكەوێتە رۆژئاوای مووسڵ و 70 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن لە ھەردوو مەزھەبی سوننە و شیعە، ماوەی 3 ساڵ زیاتر لە بندەستی داعشدایە.

وەك فەرماندەی سەربازییەكانی عێراقیش دەڵێن، ھەرچەندە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر زۆر لە مووسڵ ئاسانترە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ھەفتەیەك دەخایەنێت.