لە مینبەری مزگەوتەكان ھۆشداری لە زیادبوونی كوشتن و خۆكوشتن دەدرێت

دەستەیەك بۆ رێگری كردن لەم حاڵەتانە پێكدەھێنرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی وایکرد مامۆستایانی ئاینی سنووری پارێزگاکە وتاری ھەینیان تایبەت بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکان تا نەبنە دیاردە و بنەبڕبکرێن، بەوپێەی رۆژانە لێرەو لەوێ حاڵەتی جۆراو جۆر روودەدەن و کاریگەری خراپیان لەسەر دەروونی کۆمەڵگە دروستکردووە.

دوای ئەوەی لایەنە پەیوەنیدیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستەیەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ھەرێمی کوردستان پێکھێنا، بەوپێەی حاڵەتەکان خەریکە  دەبنە دیاردە،  وایکرد  مامۆستایانی ئاینی سنووری پارێزگای سلێمانی وتاری ھەینیان بۆ ھەمان مەبەست تایبەت بکەن.

بەوتەی مامۆستایانی ئاینی، لەئاینی ئیسلامدا سزای گران بۆ ئەو کەسانە دیارکراوە کە تاوان دژ بەمرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن یاخود ئەوانەی کۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن.