"ئەمەریکا هەسەدەی دڵنیاکردووەتەوە لەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی نوێ لە رۆژهەڵاتی فورات ئەنجامنادات"

"ترەمپ لەدوای ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی لەگەڵ ئەردۆغان رێککەوتووە"

K24 - هەولێر

نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا "دڵنیایی داوەتە ھەسەدە" كە توركیا لە رۆژھەڵاتی فورات دەست بە ھیچ ئۆپەراسیۆنێكی نوێ ناكات.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە "جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە لەوەی؛ تورکیا جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامنادات، کە شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە".

لە چەند رۆژی رابردوودا، جەیمس جێفری سەردانی هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێرەزووری کرد و لەوێ لەگەڵ ئەنجوومەنی سەربازی و ئەنجوومەنی خۆجێی کۆبووەوە.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو جەیمس جێفری لەگەڵ جۆیێل رایبۆرن، نێردەی تایبەتی سووریا، بەجیا لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە و پەیمانیان دا، ئەمەریکا بەردەوامدەبێت لە هەماهەنگیی سیاسی و سەربازی لەگەڵ هاوبەشەکانی.

سەما بەگداش، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە "کۆبوونەوەی جێفری و رایبۆرن و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات، ماوەی کاتژمێرێک و نیو بەردەوام بوو، کۆبوونەوەکە لە بنکەی هاوپەیمانان لە حەسەکە بەر لە دوو رۆژ کرا".

جەختیشی کردەوە لەوەی "بەرپرسانی ئەمەریکی بەدووریان زانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە ناوچەکە ئەنجامبدات. جێفری جەختی کردەوە لەوەی؛ ترەمپ لەدوای ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی لەگەڵ ئەردۆغان رێککەوتووە، کە تورکیا چیدیکە نەچێتە ناوچەی نوێ لەنێو خاکی سووریا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر چەند شوێنێکدا گرت لە ئۆپەراسیۆنەکە".

هێرشی تورکیا بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دەستیپێکرد، تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی ناونابوو "کانیی ئاشتی"، کە تێیدا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دواتر لەئەنجامی رێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا، هەسەدە لە چەند ناوچەیەکی سنووری ئۆپەراسیۆنەکە کشایەوە.

 

هـ.ر.