شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

سه‌رچاوه‌یه‌ك پێكهاته‌ی شانده‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سبەی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و گفتوگۆ لەبارەی چوار پرسی سەرەکی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕیارە سبەی شه‌ممه‌، 23ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2019، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لەبارەی پرسی نەوت و بودجەی کوردستان و قەرزەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ئابووری لە داهاتوودا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، شاندەكە پێکدێت لە ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

سەرچاوەکە لەبارەی پرسی نەوتەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان چەندین جار رایگەیاندووە کە ئامادەیە بەپێی ئەو مەرجانەی هەیە نەوت رادەست بکات، ئێستاش ئەگەر بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات کێشەیان لەگەڵ ئەو بابەتە نییە".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی ئاشكراشیده‌كات، کە تا ئێستا پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکاندا دروستبووە و چاوەڕێ دەکرێ لە ماوەیەکی نزیکدا هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن.

پێشتریش وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو، كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت گه‌یشتوونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتنی باش.

ئ. م