بارزانى: بڕیاری ریفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە

بێ گرتنه‌به‌رى رێى توندوتيژى كار بۆ چه‌سپاندنى ئه‌و مافه‌ ده‌كه‌ين.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، بڕیاری ریفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و بێ گرتنه‌به‌رى رێى توندوتيژى كار بۆ چه‌سپاندنى ئه‌و مافه‌ ده‌كه‌ين.

ئه‌مڕۆ له‌ سه‌لاحه‌دين، بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كۆبوويه‌وه‌.

شانده‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ نوێنه‌ران.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا هه‌ريه‌ك له‌ فازڵ میرانی سكرتێرى مه‌كته‌بى سياسى و رۆژ نوری شاوێس و ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و شەڕی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و رەوشی ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی ئاوارەكان تاوتوێ كرا.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ رۆشنایی خراوه‌تە سەر هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی په‌رلەمانی عێراق.

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم روونيشيكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ریفراندۆم و ئاییندەی كوردستان و دەوڵەتی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

له‌و ميانه‌يه‌دا، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی پێشێلكردنى دەستوور و شەراكەت و تەوافوق لە عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بڕیاری ریفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە.

هه‌روه‌ها بارزانى جەختیشی لەوە كردووه‌تەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانە و حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات.