سه‌رۆك بارزانی: ئه‌ركی زانایانی ئاینییه مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی درووست و رێزگرتن و خۆشه‌ویستی په‌روه‌رده بكه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی به‌بۆنه‌ی 49 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی له شاری هه‌ولێر كرد.
دكتۆر عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی، له وته‌ی به‌خێرهێنانی سه‌رۆك بارزانی دا، ئاماژه‌ی به مێژووی خه‌باتی یه‌كێتی زانایان و زانایانی ئاینی كرد له خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی گه‌لی كوردستان و ناو كۆمه‌ڵگادا.
هه‌روه‌ها باسی له رۆڵی مسته‌فا بارزانی، رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگارییخوازی گه‌لی كوردستان كرد له دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هاوشانی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا رۆڵی خۆیان ببینن.
دواتر سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به رۆڵی كاریگه‌ریی زانایانی ئاینی كوردستان كرد.
سه‌رۆك بارزانی گووتی: " من له بیرمه جه‌نابی بارزانی، هه‌وڵیدا ئه‌و رێكخراوه دابمه‌زرێت، بێگومان مامۆستایانی ئایینی رۆڵێكی زۆر پیرۆز و گه‌وره‌یان بینیوه به‌تایبه‌ت له شۆڕشی ئهیلوول. شه‌و و رۆژ ده‌گه‌ڕان له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان و دێ به دێ، خه‌ڵكیان هانده‌دا و ئامۆژگاریان ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه بكه‌ن، زۆرێك له‌وان چه‌كیان هه‌ڵگرت و شه‌هیدیشیان هه‌بوو، هیوادارم مامۆستایانی ئایینی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و رۆژه پیرۆزه".
هه‌روه‌ها گووتی: "به‌داخه‌وه ده‌بینین ئینحیرافێكی زۆر درووست بووه، دینی ئیسلام دینی ئاشته‌وایی و خۆشه‌ویستییه، ئه‌ركی ئێوه‌یه مرۆڤ په‌روه‌رده بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای په‌روه‌رده‌یه‌كی درووست و رێزگرتن و خۆشه‌ویستی".
سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داعش و تیرۆریستان گه‌وره‌ترین تاوان و خیانه‌تیان به‌رامبه‌ر به دین كرد، ئه‌وه‌ی تیرۆریستان كردیان، كامیان له‌گه‌ڵ ئایینی ئیسلام یه‌ك ده‌گرێته‌وه؟ له كوشتن و بڕین و سووتانی خه‌ڵك. زۆر گرنگه خه‌ڵك وا په‌روه‌رده بكرێت، دین و نیشتمان له یه‌ك جیا نه‌كرێنه‌وه، ئه‌وه‌ی دیندار بێ نیشتمانه‌كه‌ی خۆشده‌وێت، ئه‌وه‌ی نیشتمانی بوێت دینداره".