عامری: ئاگری شەڕەكە ھەموومان دەسوتێنێ

"تەنھا ئیسرائیل لەگەڵ شەڕە"

K24 - ھەولێر

ھادی عامری رایدەگەیەنێت، ئەگەر شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا روویدا، ھەموومان دەسوتێنێت و داواش دەكات، ھەمووان كار بۆ دوورخستنەوەی ئەو شەڕە لە عێراق بكەن.

ھادی عامری، سەرۆكی ھاوپەیمانێتی فەتح لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقی ھەموو لایەكە، كار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ بكەن، یەكەمجار لە عێراق و پاشان لە ھەموو ناوچەكە".

عامری، ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەگەر شەڕ روویدا، ئەوا ھەموومان بە ئاگری ئەو شەڕە دەسوتێین".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ھادی عامری ئەوەشی خستووەتەڕوو "ھەردوو لایەنی ئێران و ئەمەریكا نایانەوێ شەڕ رووبدات، ئەوەی خوازیاری ئەو شەڕەیە تەنیا ئیسرائیلە".

 داواش لە ھەموو لایەنە عێراقییەكان دەكات، كار بكەن بۆ ئەوەی نەبنە سوتماكی شەڕەكە و رێگە لە سەرھەڵدانی بگرن.

ھ.م