جموجۆڵی داعش لە گوندەکانی سنووری خانەقین و گوڵاڵە روو له‌ زیادبوونه‌

"هێزەکانی عێراق ناتوانن دۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بپارێزن"
kurdistan24.net

K24- خانه‌قین:

تادیت ڕەوشی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی سنووری پارێزگای دیالە بەتایبەت گوندە کوردنشینەکانی سنووری خانەقین و گوڵاڵە خراپتر دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرترین ھێزی ئەمنی عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون و دۆسیەی ئەمنیان بەدەستەوەیە. ھاوڵاتیانی ئەو ناوچانەش دەڵێن: تەنھا بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت.

ھەڕەشە و مەترسیەکانی داعش لەسەر گوندە کوردنشینەکان بەردەوامە به‌ قسه‌ی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ش، یەکێك لەو گوندانەی کە ماوەیەکە بووەتە ئامانجی چەکدارانی داعش گوندی شێرکەیه‌، کە دەکەوێتە سنووری گوڵاڵە و خانەقین ئەم بەئامانج کردنەش لەکاتێکدایە تاکە گوندی کوردنشینە کە لەناێو دەیان گوندی عەرەب نشیندا ماوەتەوە.

شوێنی جمووجۆڵی چەکدارانی داعش و حەوانەوە و خۆڕێکخستنەوەیان لای ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و دانیشتوانی ناوچەکەش ئاشکرایە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە ئەو شوێنانە لە چەکدارانی داعش پاك بکرێتەوە، له‌مباره‌شه‌وه‌ دلێر شکور، فەرماندەی لیوای 3ی هێزه‌كانی پێشمەرگە دەڵێت: لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 30 کەس لەسنووری قەزای خانەقین و دەوروبەری کوژراون و بریندار بوون.

دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێك ئاڵۆز و شێواوە، ھیچ ھاووڵاتیەك لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نیە، ئەمە لەکاتێكدایە، زۆرترین ھێزی ئەمنی عێراقی لەو ناوچانە بڵاوەی پێکراوە و دۆسیەی ئەمنیان پێ سپێدراوە، ئەوەش وایکردووە نەك تەنھا ئەو کوردانەی لەو ناوچانە ماونەتەوە، بەڵکو پێکھاتەکانی دیکەش چاویان لەگەرانەوەی پێشمەرگە بێت بۆ ناوچەکانیان.

H.B