ئه‌گه‌ر تووشی كۆرۆنا بوویت؛ به‌م شێوه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خۆت چارەسەر بکە

K24 - هەولێر

سێ پزیشکی کورد بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) چەند رێنماییەک بۆ چۆنییەتی خۆچارەسەرکردن لە ماڵەوە بڵاودەکەنەوە، لەکاتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا.

پزیشکەکان پێکهاتوون لە: د. زانا دزەیی، د. حەسەن رۆستەم و د. رەنجدەر قەرەداخی، دەڵێن "(دوای تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا) خۆچارەسەرکردن لە ماڵەوە زۆر باشترە، چونکە تێکەڵی سەدان تووشبووی دیکە نابیت و، لە ماڵەوە ئاسوودەتری. جگە لەوەش ئەو فشارە زۆرەی لەسەر نەخۆشخانەکان ھەیە، کەمدەبێتەوە".

رێنماییەکان:

وەرگرتنی دەرمان:

ھەموو تووشبوویەکی کۆرۆنا دەبێت ئەم دەرمانانە وەربگرێت، بە مەرجێک نەخۆشی سستی گورچیلە و لە کارکەوتنی گورچیلەی نەبێت:

- ڤیتامین 500ml C رۆژی دوو جار، یان 1g رۆژی یەک جار.
- زینک 50mg رۆژی یەک جار.
- ڤیتامین D لەنێوان 2000 بۆ 5000 IU بە کەوچکێک زەیتی زەیتوونەوە.

دوورکەوتنەوە لە:

- جگەرە، نێرگەلە، کهوول.
- خواردنەوە گازییەکان.
- خوێ، شەکر، خواردنی بەستوو، خواردنی چەور.
- شیرینیی دەستکرد.
- خواردنی دەرەوە و دیلیڤەری.
- ھەموو دەرمانێک جگە لەوانەی سەرەوە.

ھەڵسوکەوتی دروست:

- نەشڵەژان و نەترسان. ئەگەر ورەت بەرز بێت و ھەست بە ترس نەکەیت، وەکو پەتایەکی ئاسایی کۆرۆنا تێدەپەڕێنیت، چونکە ترس بەرگری دادەبەزێنێت.
- خۆت لە کەسوکارت جیابکەوە و لە ژوورێکی تایبەت بمێنەوە تاوەکو ڤایرۆسەکە سووڕی ژیانی تەواودەکات، (دوای ئەوەی پشکنینەکانت نێگەتیڤ دەردەچن) تێکەڵی کەس مەبە تاوەکو سێ رۆژ دوای تەواوبوونی نیشانەکانت و مەچۆ دەرەوە. ھەموو شتێکت لەگەڵ خێزانەکەت جیابکەوە.
- رێژەی ئۆکسجین لە خوێنت بپێوە (بە ئامێری pulse oximeter)، کە لە زۆربەی فرۆشگەی کەلوپەلی تەندروستی ھەیە. رۆژانە دەبێت سێجار: بەیانیان، دوانیوەڕوان و شەوان ئۆکسجینی خوێنت بپێوی. ئەگەر رێژەی ئۆکسجین لە خوێنت دابەزی بۆ کەمتر لە ٩٤٪، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت یان پزیشکی پسپۆر ئاگاداربکەیتەوە.
- بەیانیان، دوانیوەڕوان و شەوان گەرمی جەستەت بپێوە. ئەگەر بۆ زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر تایەکی زۆرت ھەبێت و بە ھیچ دانەبەزێت، بەھەمان شێوە سەردانی نەخۆشخانە بکە یان پزیشکی پسپۆر ئاگاداربکەوە.
- پشووی تەواو بدە. لە ھەفتەی یەکەمدا وەرزش مەکە و تەنھا پشوو بدە، پاشان دەتوانیت رۆژانە نیو کاتژمێر بۆ 40 خولەک رێکردنت ھەبێت.
- رۆژانە ھەشت بۆ 10 كاتژمێر بە تەواوی بخەوە. هەروەها رۆژانە بەتایبەتی بەیانیان بۆ ماوەی چارەکە كاتژمێرێك خۆت بدە بەر تیشکی خۆر، بە جۆرێک دەست و قاچ و سەر و ملت رووت بن.
- تاوەکو پێتدەکرێت ئاو زۆر بخۆرەوە، رۆژانە ھەشت بۆ 10 پەرداخ. میوە مزرەکان و سەوزەکان بەتایبەتی: بیبەر، پیاز، سیر و لیمۆ زۆر بخۆ.
- ھەڵمژینی ھەڵمی ئاوی کوڵاو زۆر بەسوودە، بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمە دووبارە بکەوە.
- رۆژانە غەرغەڕەکردن بە ئاوی شلەتێن و خوێ لە بەیانیان و شەوان، بە جۆرێک لە ھەر غەرغەڕەیەک با خوێواوەکە تاوەکو چل چرکە لەنێو دەمتدا بێت، پاشان فڕێیبدە.                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                               هـ.ر.