کونسوڵی ئەمەریکا نامەی ماڵئاوایی بڵاوکردەوە

سوپاسی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات

K24- هەولێر:

ستیڤ فەیگن، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا، جێهێشتنی پۆستەکەی و هەرێمی کوردستانی راگەیاند.

فەیگن لە پۆستێکدا نووسیویەتی، لەگەڵ ئامادەکاریم بۆ بەجێهێشتنی هەولێر کە ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو وەک ماڵی خۆم سەیرمکردووە، حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاڕاستە بکەم لەبەرامبەر هاوڕێ و یادگاری و پێکەوە بەدەستهێنانی کاری شایستە و مانادار.

فەیگن دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، پەیوەندی نێوان هەرێم و ئەمەریکا پتەوتر بووە و ئەرکی داهاتووش رۆب وۆڵەر وەکو کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، دەیگرێتە ئەستۆ.

دەقی پەیامەکەی ستیڤ فەیگن:

لەگەڵ ئامادەکاریم بۆ بەجێهێشتنی هەولێر کە ئەم دوو ساڵەی ڕابردوو وەک ماڵی خۆم سەیرمکردووە حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاڕاستە بکەم لەبەرامبەر هاوڕێ و یادگاری و پێکەوە بەدەستهێنانی کاری شایستە و مانادار. کارکردن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی برەودان بە ئامانجە هاوبەشەکانمان ئیمتیاز و شەرەف بووە بۆ من و لە هەمان کاتیشدا بووەتە بەشێکی دیار و سەرەکی پیشەکەم. خۆشحاڵبووم بە کارکردن لەگەڵ جێگری کونسوڵی گشتی ئێلیزابێس ڕەوزنستۆک- سیلەر کە ئەویش بەم نزیکانە هەولێر بەجێدەهێڵێت و هەروەها تەواوی ستافی کونسوڵخانە، کە لە ڕێیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا پتەوترکردووە. تکایە بینەری پەیجەکانمان بن لە سۆشیال میدیا بۆ بەخێرهێنانی کونسوڵی گشتی و جێگری کونسوڵی گشتی نوێ ڕۆب وۆڵەر و کەیتی کایزەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. سەیری ئەم وێنانە بکەن کە نیشاندەری هەندێک لە بەرچاوترین ئەو ساتانەن لە هەرێمی کوردستان بەسەرم بردوون. سوپاستان دەکەم بۆ هاوبەشی پێکردنی کولتوورە نایابەکەتان لەگەڵمدا، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوودا.

- ستیڤ فەیگن- کونسوڵی گشتی