وەزیری دەرەوەی نەمسا داوایەک لە بەرپرسانی کوردستان و عێراق دەکات

لەرێگەی کوردستان24 پەیامێک دەگەیەنێت

K24 – برۆکسڵ:
کارین کنێسل، وەزیری دەرەوەی نەمسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا و پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا، وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دایەوە و داوای هەماهەنگی زیاتر دەکات.

وەزیری دەرەوەی نەمسا لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکی ئێستای عێراق رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە هەموو ئاراستەکان لەپێناو گەلی کوردستان و عێراق کاربکەن، ئەمەش سەرەتا پشت بە چۆنییەتی دابەشکردنی پرسی نەوت لەنێوان هەردوولا دەبەستێت".

کارین کنێسل دەشڵێت: "چوار ساڵ پێش ئێستا و سەرەتای پەیدابوونی داعش، كوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان ئەنجامدابوو، پێویستە لەسەر ئەو رێککەوتنە بەردەوامبن و نەوتی عێراق, ھەموو خەڵکی عێراق سودی لێوەربگرێت".

ئەمرۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لەسەر چەند پرسێکی جیاواز لەشاری لوکسمبۆرگ بەرێوەدەچێت، بریارە لەو کۆبوونەوەیشدا پرسی پەنابەران، کاروباری دەرەوەی ئەوروپا، ئەفریقا، لیبیا و ڤەنزوێلا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

H.j