بەھۆی كۆرۆنا ئەمەریكی و ئەوروپییەكان دەستبەرداری زێڕ دەبن
K24 - ھەولێر
ئەو ناجێگیرییەی كە لە نرخی زێڕدا لە سەرەتایی ئەمساڵەوە بەھۆی كۆرۆناوە تۆماركراوە، بووە ھۆكار كە شەپۆلێكی گەورەی فرۆشتنی گەوھەر و زێڕی لێبكەوێتەوە لە ئەوروپا و ئەمەریكا.
ھاوكات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بووەتە ھۆكار كە بازرگانانی ئەمەریكا و ئەوروپا سوود لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی ئەو كاڵا زەردە وەرگرن، بەو پێیەی كە قازانجەكانی لە سەرەتایی ئەمساڵەوە 8%ی تۆماركردووە و لە 24ی مانگی رابردوو نرخی ھەر ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە ھەزار و 690 دۆلار كە ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لەوەتەی سەرەتایی ساڵەوە تا ئێستا.
بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، مامەڵەكردن بە زێڕ نزیكدەبێتەوە لە بەرزترین ئاستی 7 ساڵی رابردووی و ئەوەش مەترسی لەسەر گەشەی ئابووری جیھان دروستكردووە.