عێراق ده‌یه‌وێت رۆڵی نێوه‌ندگیر بگێڕێت

هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی گرژییه‌كانی ئێران و ئه‌مەریكا
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

ھەریەک لە عادل عەبدولمەھدی و عەلی سیستانی جەخت لەوە دەکەنەوە، عێراق بێ لایەن دەبێ لە ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شەڕی ئەمەریکا و ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە چەندین گرووپی چەکداری شیعەی عێراق پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران دەربڕیووە لە ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕه‌كه‌، پەرلەمانتارێکیش پێی وایە ئه‌گەر شەڕ روو بدات ھاوکێشەکە دەگۆڕێت.

ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئێران تادێت تەشەنە دەکات و پەلدەھاوێتە ھەڵگیرسانی شەڕ، عێراقیش دەیەوێت پروشکی ئەو شەڕەی بەرنەکەوێت.

موزھەر غەزعەلی، پەرلەمانتار لە ھاوپەیمانی سائیرون بە كوردستان24ی راگەیاند: "گەشبینین بەوەی كە شەڕ روونادات، چونکە ئەنجامی شەڕەکە ھەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، ئێمەش عێراق ناخەینە ئەو شەڕەوە و گەلەکەشمان دڵنیا دەکەینەوە، ھاوکات پێویستە ئێمە وڵاتەکە بپارێزین لە ھەموو شەڕێکی ھەرێمایەتی".

پەرلەمانتارێکی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پێی وایە ئەستەمە جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ھەڵگیرسێت، گەر ئەو شەڕەش رووبدات، ئەوە ھاوکێشەی سیاسیی و سەربازیی دەگۆڕێت و ھەموو عێراق لەو شەڕە تێوەدەگلێت.

بەختیار شاوێس، په‌رله‌مانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "پێم وایە دۆخەكە ناگاتە شەڕ، ئەگەر شەڕ رووبدات ھەموو شتێك گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەوكات بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ھەموو ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ھاوكێشەی سیاسی و سەربازیی دەگۆڕێت، بەڵام روودانی شەڕ لەم دۆخەدا كارێكی سەختە".

ھ.م