داعش جوتیارێكی كورد و ژن و منداڵەكانی كوشت

لە شەودا ھەڵیان كوتایە سەرماڵەكەیان

K24 - كەركووك

پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش، لە گوندێكی سنووری قەزای داقوق ھەڵیانكوتاوەتە سەر دوو خانەوادە و چوار كەسیان شەھید كردووە و چواری دیكەشیان بە دیل گرتووە و تا ئێستا بێسەرو شوێنن و پێنج كەسیش لە دەستی داعش ھەڵاتون".

عەقید پۆڵا، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقوق بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكداری دەمامكداری داعش ھەڵیان كوتاوەتەسەر گوندی شەشات لە ناوچەی كاكەیی لە باشووری كەركووك، چوونەتە سەر ماڵی حوسامەدین نەجمەدین، كە كوڕەكەی كارمەندی ئاسایشە، خۆیی و ھاوسەر و كچەكەی و ھاووڵاتیەكی دیكەی عەرەب كە دانیشتووی گوندەكە بووە شەھیدیان كردون، ھەروەھا چەكدارانی داعش چوار كەسی دیكەشیان بە دیل گرتووە یەكێك لەو كەسانەی بە دیلیان گرتووە ھاوسەری كارمەندی ئاسایشە یەكێكی دیكەش برایەتی لەگەڵ دوو ھاووڵاتی دیكەی عەرەب".

دورەید حوسامەدین،كارمەندی ئاسایشە و باوك و دایك و خوشكی لەلایەن داعش كوژراون و ھاوسەر و براكەشی بە دیل گیراون، ئەو دەڵێ: "من لە دەوام بووم كاتژمێر 11 شەو تەلەفۆنم بۆ كرا گوتیان وەرەوە ئەو رووداوە روویداوە، كو رۆیشتمەوە دایك و خوشكم لە ماڵەوە كوژرابوون، دوای ماوەیەك گەڕان تەرمی باوكیشم لە دەوروبەری ماڵەكەمان دۆزرایەوە".

باسی لەوەشكرد: "چەكدارانی داعش بە جلی سەربازییەوە ھاتوونەتە ناو گوندەكە، دوای كوشتنی سێ كەس لە خێزانەكەمان، ھاوسەرم و براكەشمیان بە دیل گرتووە".