مه‌سرور بارزانی: په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان هه‌ولێر و واشنتن بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و واشنتن یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌.

مه‌سرور بارزانی، له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، دووپاتمان له‌وه‌ كرده‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گرنگه‌".

مه‌سرور بارزانی، له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2020، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتانی جیهان كۆده‌بێته‌وه‌.