مەسرور بارزانی: پێویستە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە

مەسرور بارزانی و جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 23/4/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ولیام رۆبوك، جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا بۆ ھاوپه‌یمانیی جیهانیی دژی داعش کۆبووەوە و باسیان لە رەوشی ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ فه‌یگن، كونسوڵی گشتیی ئه‌مەریكا له‌  هەولێر ئامادە بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی، بۆچوونی خۆی لەبارەی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە هەندێ ناوچەی عێراق روون کردەوە و جه‌ختی له بایەخی چارەسەرکردنی رەوشی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند "پێویستە هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بڕەخسێندرێ".

هەروەها باسی هاتنە ئارای کەشێکی ئەرێنی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و روونی کردەوە، ئەم کەشە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە هەڵواسراوەکان، کە کاریگەریان بەسەر سەقامگیری دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا بۆ ھاوپه‌یمانیی جیهانیی دژی داعش، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان هێزە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دووبارە کردەوە و رایگەیاند "پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگییانە بۆ  رێگریکردن لە پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە عێراقدا پێویسته‌".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق و قۆناغەکانی شەڕی داعش لە سووریا تاوتوێ کران.

H.J