تره‌مپ ده‌یگوازێته‌وه ئۆرشه‌لیم
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای كۆشكی سپی رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوا ده‌كات باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بگوازرێته‌وه ئۆرشه‌لیم (قودس)، له كاتێكدا ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه ساڵانێكی پێویسته".
گوته‌بێژ به‌ناوی ئیداره‌ی ئه‌مریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "سه‌رۆك داوا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌كات، ده‌ست به كاركردن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه له ته‌لئه‌بیبه‌وه بگوازنه‌وه بۆ ئۆرشه‌لیم (قودس)".
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مریكییه ده‌ڵێت: "تره‌مپ هێشتا گه‌شبینه به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل له رێگه‌ی دانووستانه‌وه‌و پێیوایه ده‌توانرێت ئه‌و ئامانجه بهێنریته دی".
به‌و رێگایه‌ش سه‌رۆكی ئه‌مریكا دان به ئۆرشه‌لیم (قودس) وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌نێت، ئه‌و پرسه‌یش وڵاتانی عه‌ره‌بی و توركیا و ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتانی ئیسلامی نێگه‌ران كردووه.
به‌ڵام تره‌مپ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، په‌یوه‌ندی به مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستنی و پادشای ئوردن و سه‌رۆككۆماری میسر و شا سه‌لمان كردووه‌و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكای پێ راگه‌یاندوون.
كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌و هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ نیگه‌رانه و رایگه‌یاند "ئه‌و هه‌ڵوێسته ده‌بێته سوكایه‌تیكردن بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، ئۆرشه‌لیم (قودس) به هێڵی سووری موسڵمانان ناو ده‌بات و هه‌ڕه‌شه‌ی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات.