"كازمی بەنێو كێڵگەیەكی مینڕێژكراودا ھەنگاو دەنێت"

.

K24 - ھەولێر

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنێو کێڵگەیەکی مینڕێژکراودا هەنگاو دەنێت، هه‌ربۆیه‌ جەخت لە سەر پێویستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گرووپ و چه‌كداره‌ میلیشیاکان.

هه‌روه‌ها بەرپرسی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاندووە "زۆرێک لە میلیشیاکانی عێراق، بەرژەوەندی ئێران دەخەنە سەرووی بەرژوەندی وڵاتەکەیان".

لە لێدوانێکیدا رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، کینیث مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، جەخت لەسەر پێویستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکاتەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

مەکێنزی دووپاتیکردووەتەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەنێو کێڵگەیەکی مینڕێژکراودا هەنگاو دەنێت، بۆیە پێویستە هاوکاری بکەین و دەڵێت، حکومەتی عێراق، بەدوای باشترین رێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت، بۆ گێڕانەوەی شکۆمەندی بۆ وڵاتەکەی، بۆ ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی ئەمەریکایە.

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمەریکا کە ماوەیەک لەمەوبەر لە عێراق بوو، پێیوایە سەرەڕای داواکاری حکومەتی پێشوو، بەڵام حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، داوای مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی دەکات.

هەرچەندە مانگی رابردوو، لەمیانی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن، باس لەوەکراوە ئەمەریکا هەوڵ بۆ دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی لە عێراق نادات، بەڵام چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا، جەختیان لەسەر مانەوەی بەشێک لەو هێزانە کردووەوەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق، بەڵام مەکێنزی رەتیکردوه‌ته‌وە ئاماژە بە ژمارەی ئەو سەربازانە بدات، کە لە عێراق دەمێننەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمەریکا لە عێراقدان، واشنتن پێیوایە مانەوەی هێزەکانی، دەتوانێت سنوورێک بۆ هەژموونی ئێران لە عێراق دابنێت، بەڵام ناوبەناو باڵیۆزخانە و بنەکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، لەلایەن میلیشیاکەوە بۆردوومان دەکرێن.

بە بڕوای میک مولوری کە بەرپرسی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، زۆرێک لە میلیشیاکانی عێراق، بەرژەوەندی ئێران دەخەنە سەرووی بەرژوەندی وڵاتەکەیان.