ژه‌هراویبوونی كۆنه‌ سیخوڕێك و كچه‌كه‌ی بریتانیا له‌ رووسیا تووڕه‌ ده‌كات

بریتانیا هه‌ڕه‌شه‌ی سزادانی رووسیا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بریتانیا هەوڵ دەدات سەرنجی جیهان بۆ رووداوی ژەهراویکردنی سیخوڕێکی پێشووی رووسیا رابکێشیت. بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوا لە رووسیا دەکات روونی بکاتەوە چۆن ماددەیەک کە بەرهەمی رووسیایە لەم هێرشەدا لەدژی ئەم هاووڵاتییەی بەریتانیا و کچەکەی و پۆلیسێکی بەریتانی بەکار هاتووە و دوا مۆڵەتیش بۆ وەڵامدانەوەی مۆسکۆ دیار دەکات. لە وەڵامدا مۆسکۆ  دەڵیت تا نموونەی ئەم ماددەیە نەبینێت، ناتوانێت لێکۆلینەوە لە رووداوەکە بكات و یارمەتی بریتانیا بدات.

رووداوی هێرش بۆ سەر سیخوڕێکی پێشووی رووسیا لە سەرەتای ئەم مانگەدا خەریکە په‌یوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و لەندەن یەکجار ئاڵۆز دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوکان بەهۆی ماددەیەک کە رووسیا لە کۆتایی جەنگی ساردا بەرهەمی هێناوە، سیخوڕی پێشوو سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی كه‌ هەردووکیان ئێستا هاووڵاتیی بەریتانین، بخاته‌  بارودۆخێکی تەندرووستیی زۆر خراپه‌وه‌.

تیرێزا مێی، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە بەردەم نوێنەرانی وڵاتەکەی لەمبارەوە رۆژی دووشەممە رایگەیاند: " ە ئەگەری زۆرەوە رووسیا لەم هێرشە تیوەگلاوە و ئەگەر ئەمە بسەلمێنرێت ئەوا ئەم رووداوە بەمانای بەکارهێنانی نایاسایی هێزە لەدژی شانشینی یەکگرتوو.  رۆژی سێشەممەیشی وەک دوا مۆڵەت بۆ وەڵامدانەوەی مۆسکۆ دیاری کرد".

 وەزیری دەرەوەی بریتانیا بۆریس جۆنسۆن هەمان هەڵوێستی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانانانی لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە لە گفتگۆدایە و هەموو لایەنەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ بەریتانیا دەربڕیوە.  تەنانەت یەکێتیی ئەوروپاش پشتیوانیی به‌ھێزی خۆی بۆ بریتانیا و دەستنیشانکردنی تاوانباران دیارکرد.

بۆریس جۆنسۆن ده‌ڵێت: "داوامان لە رووسیا کردووە کۆگاکانی ماددەی نۆڤیچۆک بپشکنێت و بۆمان روون بکاتەوە چۆن ئەم ماددەیە گەیشتووەتە بەریتانیا. دەبێ رووسیا لە تووڕەیی خەڵکی بریتانیا سەبارەت بەم هەوڵە بێ شەرمانەی کوشتنی خەڵکی بێ تاوان تێ بگات. بەپێی زانیارییەکانمان، لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەوە  یەکەمجارە کە ماددەیەکی لەمجۆرە بۆ ‌‌هێرشکردنه‌ سەر کیشوەری ئەوروپا بەکار دێت. رووسیا تا نیوشەوەی سێشەممە دەرفەتی هەیە روونکردنەوە بدات و ئەگەر ئەمە نەکات ئەوکات بەریتانیا پێوەری خۆی دەگرێتە بەر."

لە وەڵامدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا تۆمەتەکەی بە بێ بنەما وەسف کرد و داوای لە بریتانیا کرد بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رەفتار بکات و نموونەی ئەو ماددەیەی کە لە هێرشەکەدا بەکار هاتووە بۆ مۆسکۆ بنێرێت

وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتوویه‌تی: "حکومەتی بریتانیا پێش ئەوەی دوا مۆڵەت بۆ رووسیا رابگەیەنێت، باشترە خۆیشی بەپێی پەیماننامەی تایبەت بە چەکی کیمیایی بجوڵێتەوە. سەبارەت بە شێوازی هەڵسوکەوتکردنیش، دەبێ لە بیرمان نەچێت کە سەردەمی کۆڵۆنیال لەمێژە بەسەر چووە. رووسیا تاوانبار نییە و لە چوارچێوەی پەیماننامەکە ئامادەیه‌ هاوکاری بریتانیا بکات بەڵام تەنیا ئەو کاتەی بریتانیاش ئەرکی یاسایی خۆی بەپێی هەمان پەیماننامە جێبەجێ بکات." 

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر حکومەتی بریتانیا رەتی کردووەتەوە نموونەی ماددەکە بۆ مۆسکۆ بنێرێت.

پەرلەمانی رووسیاش بریتانیای رایگەیاند: "لەڕیگەی ئەم رووداوەوە بریتانیا هەوڵ دەدات کاریگەری لە هەڵبژاردەنەکانی سەرۆکایەتی لە رووسیا درووست بکات و ترس لە رووسیا لە جیهاندا بڵاو بکاتەوە.

بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی بریتانیاش، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە بیر لە سەپاندنی کۆمەڵێک سزای ئابووری و دیپلۆماسی رووسیا دەکاتەوە.