ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە فرۆشتنی کەرکووک گریاندی وردەکارییەکانی 16 ئۆکتۆبەر دەگێڕێتەوە

دوای ساڵێک هێشتا ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە برینەکانی بە ساڕێژنەکراوی ماونەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد مەلا جیهاد، ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە کە بە برینداری فرمسێکی بۆ فرۆشتنی کەرکووک رشت، دوای ساڵێک لە کارەساتی فرۆشتنی كەرکووک و دوزخورماتوو، وردەکاری فرۆشتنی شارەکە و چۆڵکردنی سەنگەرەکان لەلایەن بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە.

لە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ کوردستان24، محەمەد مەلا جیهاد هۆکاری خیانەتی دژ بە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ لایەنێکی دیاریکراو گەڕاندەوە و لەبارەی هۆکاری گریانەکەی گووتی: "ئێمە ئەو شوێنانەمان بە خوێنگرت، کۆمەڵێک خەڵکی ئازا و گیانفیدا لەو رێگایە شەهیدبوون، کەچی لە ماوەی چەند خولەکێک هەموو شتەکانیان خستە ژێر پێیان، ناوچەکەیان دایە کۆمەڵێک ناحەزی کورد و ئاڵای کوردستان. لەو شوێنەی ئێمەی لێبووین 9 شەهیدماندا لە دوو خولەکدا".

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئەگەر کەسێک دەسەڵاتی ئەوەی نەبێت ئاڵای کوردستان لە بەرپێی ناحەزانی دەربهێنێت چۆن دەتوانێت بەرگری لە خاک و نیشتیمانەکەی بکات".

لەبارەی کشانەوەی ئەو بەشەی هێزی پێشمەرگە کە دەیانویست بەرگری بکەن، نەقیب محەمەد دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ سوپای عێراق کەوتینە شەڕەوە و توانیمان چەند کاتژمێرێک رایانبگرین، بەڵام لە ناوچەکانی تۆپزاوە و یایچییەوە دەرگایان بۆ واڵاکرا و سەنگەرەکان چۆڵکران و هێزەکانی پێشمەرگە گەمارۆدران".

برینەکانی ئەو پێشمەرگە هێشتا ساڕێژنەبووە، دوای ساڵێک هێشتا چاوەکانی پڕ فرمێسکە بۆ" شەهید هارون کە خەڵکی دوزخورماتووە و بە دەبابە تەرمەکەی راکێشراوە"، بەڵام پەیامی محەمەد مەلا جیهاد بۆ خەڵکی کەرکووک و دوزخورماتووە ئەوەیە کە ئەوان هەرگیز دەست لەو ناوچانە هەڵناگرن، چونکە " کەرکووک دڵی کوردستانە و مرۆڤیش بێ دڵ ناژی".

H.J