پارتی و یه‌كێتی كێشه‌ی پۆستی وه‌زاره‌تی دادی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
گرفتی پۆستی وەزارەتی داد لەنێوان پارتی و یەكێتی بەرەو چارەسەر دەچێت. ئەمەش دوای ئەوەی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككەوتوون، كەسێك بە رەزامەندیی ھەردوو حیزبه‌كه، ئەو پۆستە وەربگرێت.
ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "هیوادارین عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ناوی كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ و ده‌ستپاك بۆ پۆستی وه‌زیری داد پێشنیاز بكات" .
ناوبراو ده‌شڵێت: "ئێمه وه‌ك پارتی، ئه‌و پۆسته به هی خۆمان ده‌زانین، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك كه جێگای متمانه‌ی ئێمه بێت و له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه بۆ ئه‌و پۆسته پێشنیاز بكرێت، پشتگیری لێ ده‌كه‌ین".
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه رێبوار تەھا، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی یەكێتی له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه ئاماژە بەوە دەكات، كه هیچ كیشه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری دادی عێراق نه‌ماوه، تەنیا سووننەكان ماون، كه لەسەر كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و پەروەردە رێكبكەون.
ئەو وەزارەتانەی كە ماون، بریتین لە وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی شیعەكان, بەرگری و پەروەردە لە پشكی سووننەكان، داد لە پشكی كورد، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێك لەسەر دەنگدان بەو كاندیدەی عادل عەبدولمەھدی ناوەكەی دێنێتە ھۆڵی پەرلەمان, لەلایەن سەركردایەتیی پارتی و یەكێتییەوە بۆ فراكسیۆنەكانیان نەنێردراوە.
H.B