مه‌لا جیهاد حه‌سه‌ن: خۆپیشاندانی دهۆك ناشه‌رعییه و ده‌ستی په‌كه‌كه‌ی له پشته‌وه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌لا جیهاد حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، په‌كه‌كه وه‌ك ده‌ستی ده‌ره‌كی له پشت خۆپیشاندانی دهۆكه‌وه بووه و ره‌خنه‌شی له یه‌كگرتووی ئیسلامی گرت، كه له ئیداره‌ی پارێزگاكه به‌شدارن و خۆپیشاندانیش ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه، له رووی ئایینییه‌وه، خۆپیشاندانه‌كه‌ی دهۆك ناشەرعی بووه و خودا نه‌فره‌تی له‌وانه كردووه، كه فیتنه زیندوو ده‌كه‌نه‌وه.
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ی كوردستان24دا، مه‌لا جیهاد حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌ر كه‌س خۆپیشاندان بكات، ده‌بێت مۆڵه‌ت له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار وه‌ربگرێت. ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆپیشاندانیان كردووه، سه‌ره‌تا داوایانكردبوو، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرابوویه‌وه. ئینجا ئه‌وان وه‌ك ته‌حه‌ددایه‌ك خۆپیشاندانیان كردبوو".
گوتیشی: "هه‌ندێكیان هه‌ر مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر نه‌بوون. له ده‌ره‌وه‌ی دهۆك هاتبوون. هه‌مووش به به‌ڵگه و وێنه له لای خۆمانه. ده‌یانویست خۆپیشاندانه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه به‌رن. ئه‌و خۆپیشاندانه نایاسایی بوو، ده‌بوایه مۆڵه‌تیان هه‌بووایه، چونكه نابێت له كوردستان كه‌س له یاسا به‌رزتر بێت. به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین كاتێك باسی یاسا ده‌كرێت و پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار هه‌ڵده‌گیرێت بۆ ئه‌وه‌ی بچێته به‌رده‌م دادگا هه‌ڵڵا درووست ده‌كه‌ن، نایانه‌وێت یاسا جێبه‌جێ بكرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، كه به‌رپرسی لقی دهۆكی یه‌كێتی زانایانه، گوتی: "ئه‌و خۆپیشاندانه ناشه‌رعییه. ئه‌و كاته‌ی گێره‌شێوێنی درووست بێت، نابێت مرۆڤ هاوكار بێت بۆ درووستكردنی گێره‌شێوێنی ((ولا تعاونوا على الإثم والعدوان)). خودا نه‌فره‌تی له‌و كه‌سانه كردووه، كه فیتنه‌ی خه‌وتوو، زیندوو بكه‌نه‌وه، به به‌ڵگه‌ی (الفتنة نائمة لعن الله من أيقظها)".
مه‌لا جیهان ره‌خنه‌شی له یه‌كگرتووی ئیسلامی گرت و گوتی: "په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو به مووچه‌یه‌كی زه‌به‌لاح و وه‌نه‌وشه‌یه‌كی كیلۆمه‌تر سفر، ده‌چێته ناو خۆپیشانده‌ران و 250 دینارێك ده‌كاته درووشم، پێویستی نه‌ده‌كرد، وا بكات، ئه‌گه‌ر راسته با مووچه‌كه‌ی ته‌رخان كردبا بۆ هاوكاری و وه‌ك فراكسیۆنی پارتی، كه مووچه‌كه‌یان به‌خشی به ده‌زگای خێرخوازی بارزانی".
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئه‌و خۆپیشاندانه موزایه‌ده‌ی سیاسی له پشت بوو، یه‌كگرتووی ئیسلامی له دهۆك له ناو حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدایه، ئیدی خۆپیشاندان له دژی كێ ده‌كات، درووشمی ئیستفزازی بۆ ده‌ڵێنه‌وه و بۆ ده‌یانه‌وێت پۆلیس وه‌ك داعش بناسێنێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای قه‌یرانی كۆرۆنا نه‌ك ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو قه‌یرانی دارایی به‌سه‌ر جیهاندا هاتووه، له به‌غدا مووچه و بودجه‌ی هه‌رێم بڕاوه. ئه‌و لایه‌نانه له به‌غدا پشتیوانی بڕینی مووچه و بودجه ده‌كه‌ن و لێره‌ش ده‌چنه پاڵ خۆپیشانده‌ران".
سه‌باره‌ت به ده‌ستی ده‌ره‌كی ناو خۆپیشاندانه‌كه، مه‌لا جیهاد گوتی: "ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له ناو خۆپیشاندانه‌كاندا بوو، كه ئه‌ویش ده‌ستی په‌كه‌كه بوو. ئه‌وه 30 ساڵه خه‌ڵكی ئێمه له‌به‌ر په‌كه‌كه ناتوانن بچنه‌وه گونده‌كانیان، كه پێویست بوو خه‌باتیان له توركیا بێت و هیچ په‌یوه‌ندیان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه. هیچ ماقووڵ نییه له هه‌رێمی كوردستان گێره‌شوێنی بكات، به‌ڵێ ئه‌وه ده‌ستی ده‌ره‌كییه".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی رووی كرده لایه‌نه‌كان و گوتی: "به‌وان و هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی ده‌ڵێم، خه‌یاڵیان خاوه سه‌قامگیری و ئارامی شاری دهۆكی جوان تێك بده‌ن".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی له‌وه‌شكرد، "له ده‌ستپێكه‌وه ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه، جگه له پارتی، هه‌مووان داكۆكی له‌سه‌ر تێكدانی ره‌وشی كوردستان ده‌كه‌ن. ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ی داوای ده‌ستێوه‌ردان له به‌غدا ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه كه كوردن، خه‌ڵك ئێستا ده‌زانن و چاویان كراوه‌ته‌وه و ئه‌وه یه‌كێكه له خیانه‌ته‌كانی دیكه، كه به‌رده‌وام له دژی ئه‌م گه‌له هه‌ژاره ده‌یكه‌ن".