به‌ دیبه‌یتی سێ به‌رپرسی باڵا سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان24 ده‌ست به‌ كاركردن ده‌كات

مه‌لا به‌ختیار و هوشیار زێباری و هادی عه‌لی قسه‌ له‌باره‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 ده‌ست به‌ كار ده‌بێت و له‌ یه‌كه‌م چالاكیدا دیبه‌یتێك بۆ سێ به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ساز ده‌كات.

دیبه‌یته‌كه‌ به‌ناونیشانی (پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018)ـیه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، هوشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان. هادی عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌شدارن و قسه‌ی تێدا ده‌كه‌ن.

كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 له‌ رۆژی 25/4/2018 كاتژمێر 4:00 ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر، هاوكاتی گه‌رمبوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌یه‌ كه‌ پاش رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌و مه‌ترسی جددی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ به‌غدا درووست كردووه‌‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگی رابردوودا، حكومه‌تی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری دژی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد. به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌ندین سزا و ئابڵۆقه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاند.

ئێستاش كه‌ لایه‌ن و لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌ستیان به‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌، رووداوه‌كانی رابردوو كۆمه‌ڵێك پرسیاری جددی له‌سه‌ر پێگه‌ی داهاتووی كورد له‌ به‌غدا درووست كردووه‌و تا ئه‌ندازه‌ی بێ متمانه‌بوونی به‌شێكی هاووڵاتیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق رۆچووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو له‌ دیبه‌یته‌كه‌دا زۆرترین قسه‌ له‌باره‌ی ئایینده‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ده‌كه‌ن".

دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌، رۆژی 31/10/2015 ته‌له‌ڤزیۆن و وێب سایت و سوشیال میدیاكانی كوردستان 24 و دواتریش رادیۆی كوردستان 24 كه‌وتنه‌ كار و دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو كاركردن، ئێواره‌ی رۆژی 25/4/2018 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسییه‌كه‌یشی ده‌ست به‌ كار ده‌كات و یه‌كه‌مین چالاكیشی به‌ دیبه‌تی ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ست پێده‌كات.