حزبەكانی رۆژئاوای كوردستان لە عەفرین داوای یەكڕیزی دەكەن

"دەمانەوێت ھیچ لایەن دۆخەكە بۆ مەرامی خۆیان بەكارنەھێنن"
kurdistan24.net

K24 - قامێشلو

پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كورد له‌ سووریا (ئه‌لوه‌حه‌ده‌( و پارتی دیموكراتی پێشڤه‌ڕۆ ده‌یانه‌وێت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك یه‌ك هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی سه‌ر عه‌فرین بنوێنن، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا (په‌ده‌كه‌سه)‌ ره‌تی دەكەنەوە كه‌ جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌رییان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌لوه‌حده‌ هه‌بێت.

مسته‌فا مه‌شایخ، سەركردەی ئەلوەحدە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا كاتی ئەوەیە ناكۆكییەكان بەلاوەبنێین، چونكە ھێرشكردنە سەر عەفرین، تەنھا ھێرشكردن نییە بۆ سەر لایەنێك، ئێمە دەمانەوێت ئەو پێشنیازە جێبەجێ بكرێت و ھەموو پارتەكانی كورد لە رۆژئاوا لەسەر عەفرین یەك ھەڵوێست بین، بەڵام سەركردەكانی پەدەكەسە پێشنیازەكەی ئێمەیان رەتكردەوە".

لە بەرامبەردا محه‌ممه‌د ئیسماعیل، سەركردەی پەدەكەسە دەڵێت: "ئێمە ئامادەین بۆ بڕیاری جددی لەپێناوی یەكڕیزی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام نامانەوێت ھەندێك لایەن دۆخی عەفرین بۆ مەرامی خۆیان بەكاربێنن، ئەگەر ئەوان یەكڕیزیان ویستبا لە ئەنجوومەنی نیشتمانی نە دەچوونە دەرەوە".