كەجەكە: ئەوەی بە داعش نەكرا توركیا بەنیازە خۆی بیكات

"توركیا دەیەوێت ناوچەكە ئاڵۆز بكات"

K24 - ھەولێر

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە رایدەگەیەنێت "توركیا بە ئاگاداری ھێزە نێودەوڵەتییەكان ھێرش دەكاتە سەر گەلی كورد و ئەوەی بە داعش نەكراو دەیەوێت خۆی بیكات".

لە راگەیەندراوێكدا كەجەكە ئاماژە بۆ دوایین ھێرشی ئاسمانی توركیا بۆ سەر بارەگا و كەمپەكانی پەكەكە لە مەخموور شنگال دەكات و ئاشكرای دەكات: "لەو ھێرشەدا بۆ سەر كەمپی مەخموور چوار كەس شەھیدبوون"، بە گوێرەی میدیاكانی پەكەكە ئەو چوار كەسەی گیانیان لەدەستداوە ھەر چواریان ژنن.

كەجەكە رایگەیاندووە: "بە هەڵکەوت نیە فاشیزمی تورك شنگال دەکاتە ئامانج، لە کەسایەتی شنگال هێرش دەکرێتە سەر گرووپی دینی و ئایینی، ئەوەی بە داعش نەکرا بەنیازە خۆی بیکات، لە کەسایەتی ئێزدی هێرشی کردووەتە سەر عەلەوی، کاکەیی (یارسان)، شەبەك، ئاسووری، سوریانی، کەلدان و کریستیان، بێگومان دەوڵەتی تورك بەو هێرشانە دەیەوێت ناوچەکە ئاڵۆز بکات و گەلەکەمان بچەوسێنێتەوە و بترسێنێت".

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "وەکوو شەڕی یەکەمی جیهانی، دەوڵەتی تورك بە ئاگاداری و دەستووری هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و گەلانی دیکە، ئاسمانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادایە، بێ ئیزنی ئەمەریکا ناتوانێت وەها هێرشێك بکات، وەکوو ئەوەی دەوڵەتی تورك گوتی، کە هێرش بۆسەر هەڤاڵی ئێمە زەکی شەنگالی بە ئاگاداری حکوومەتی عێراق کراوە، کە حکوومەتی عێراق هەڵوێستێکی پێویستی نیشان نەدا".