كوتله‌كه‌ی مالكی له‌باره‌ی كوردستان به‌رهه‌ڵستی داوایه‌كی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ده‌وڵه‌تی یاسا داواكاری واشنتۆن بۆ هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ریكا وه‌لی ئه‌مری عێراق نییه بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی گوتی جێبه‌جێی بكه‌ین و جه‌ختیشی كرده‌وه، هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی فڕین له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدایه و هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه ده‌ستوه‌ردان بكات.
له‌مباره‌یه‌وه ره‌سول ئه‌بو حه‌سنه په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له په‌رله‌مانی عێراق گوتی: "ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی فڕین له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵبگیرێت، پێویسته فڕۆكه‌خانه‌كان به‌گوێره‌ی ئه‌و میكانیزمه به‌ڕێوه ببرێن كه له‌ده‌ستووری عێراقیدا هاتووه" گوتیشی "ئامانجی حكومه‌تی عێراق له قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شته ئاسمایه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی سه‌پاندنی یاسایه ئه‌وه‌نده ئامانجی قه‌ده‌غه‌كردنی فڕین نییه".
ئه‌بو حه‌سنه په‌نجه‌ی ره‌خنه‌شی ئاراسته‌ی ئه‌مه‌ریكا كرد و گوتی "ئه‌مه‌ریكیه‌كان وه‌لی ئه‌مری ئێمه نینه بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی داوایانكرد ئێمه‌ش جێبه‌جێی بكه‌ین"، گوتیشی "بڕیاری هه‌ڵگرتنی ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ته‌نیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه ده‌درێت، ئه‌ویش دوای گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".
هه‌ر ئه‌مرۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داوای له حكومه‌تی عێراق كردبوو، ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرێت، كه له 19ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌نجامدانی رفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، گه‌شتی ئاسمانی له فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم قه‌ده‌غه كردبوو و تائێستاش ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه به‌رده‌وامه.