له سێيه‌م ساڵيادى رزگاركردنى شنگالدا ئێزدييه‌كان هێشتا له كه‌مپه‌كان ژيان به‌سه‌ر ده‌به‌ن
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێ ساڵ به‌سه‌ر رزگاركردنی ده‌ڤه‌ری شنگال له لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه تێده‌په‌ڕێت.
له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی له ئۆپه‌راسیۆنێكدا توانی شاری شنگال له ده‌ست چه‌كدارانی داعش رزگار بكات و كۆتایی به داعش له ده‌ڤه‌ری شنگال بهێنێت.
یادكردنه‌وه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی رزگاركردنی شنگال له كاتێكدایه، كه دوای رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌ڤه‌ری شنگال له لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كان و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه داگیركرا، تا ئێستاش به‌شێكی زۆری كوردانی ئێزدی ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، له ميانى به‌شداريكردنى له ژوورى هه‌واڵى كوردستان24، مه‌حما خه‌ليل، قائيمقامى شنگال، رايگه‌ياند، پێويسته ئيداره‌ى شه‌رعى شنگال بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كه و ئاسانكارى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بكرێت و خواست و داواى ره‌واى ئێزدييه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، كه ده‌يانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵى خۆيان.
مه‌حما خه‌ليل ئيدانه‌ى رێگرييه‌كانى كرد، كه بوونه‌ته ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ئاساييكردنه‌وه‌ى ره‌وشى شنگال.