تەرمی خێزانە کوردە کوژراوەکەی بەغدا، بە ئاڵای کوردستانەوە گەڕێندرانەوە سلێمانی

سوپاسی لایەنە ئەمنییەکان دەکەن

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ تەرمی خێزانە کوردە کوژراوەکەی بەغدا کە پێکهاتبوون لە: باوک و دایک و کچەکەیان، گەڕێندراوەنە سلێمانی بۆ ئەوەی لەوێ بەخاک بسپێردرێن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، محەمەد تارق، خوشکەزای دارا رەئووف سوپاسی هەموو لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، کە بەشداربوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.

بەرەبەیانی (سێشەممە، 15-9-2020) لە بەغدا، دارا رەئووف، عالیە نەجمی خێزانی و شیلانی کچیان لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکێکی بەغدا کوژران، کە بەوە ناسراوە ئەمنییەتێکی زۆری هەیە! رووداوەکە کاردانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبوو.

مەهدی حوسێن ناسر مەتەر، لە دایکبووی ساڵی 1984 و دانیشتووی بەغدا لە ناوچەی حەبیبيه‌، دوێنێ لە هەولێر لەلایەن دژەتیرۆی کوردستانەوە، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لەسەر کۆمەڵکوژکردنی خێزانی دارا، دەستگیرکرا.

دژه‌تیرۆری كوردستان بە ڤیدیۆ دانپێدانانەکانی مەهدی بڵاوکردەوە، کە دەڵێ بۆ پارە ئەو خێزانەی کوشتووە.

محەمەد تارق، خوشکەزای دارا رەئووف لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هەروەها گوتی "ئەوەی لە میدیاکان باسکرا لە قاچ بڕین، دەستبڕین و دەستدرێژیکردنە سەر و سەربڕینیان دوورە لە راستییەوە و هیچ ئەسڵی نییە، وەک چۆن (تۆمەتبارەکە) باسی کرد، ئەمە پەیوەندی بە دزییەوە هەبووە نەوەکو هیچی دیکە".

ئەو کەسە بەگوتەی محەمەد تارق، پاسەوان بووە و شوێنی کاری ئەو و ماڵی دارا خەلیل، نزیکەی 20 مەترێک لەیەکترەوە دوورە. هەروەها گوتی ئەوان "چوار ساڵە یەکتریان ناسیوە، قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە و تێکەڵ بوون، تەنیا ئەوەندەیە کە لە دەرگای داوە و خاڵم دەرگای لێکردووەتەوە، دواتر ئەوە روویداوە کە باسیکرد".

خانەوادەی دارا بەیانیی دوێنێ سکاڵایان لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە. محەمەد دەڵێ هێزە ئەمنییەکان "توانییان لەماوەی 24 کاتژمێردا دەستگیری بکەن، بەڕاستی زۆر هاوکارمان بوون".

لە کۆتایی گوتەکانیشیدا خوشکەزای دارا رەئووف گوتی "ئێمە گومانمان لە کەس نییە، بەڵام تەنیا کەسێک ناتوانێت ئەو هەموو کارە بەتەنیا بکات".

هـ.ر.