زانیاری نوێ لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكراینییەكە لە ئێران ئاشكرا دەكرێن

سوپای پاسداران بە مەبەست فڕۆكەكەی خستووەتە خوارەوە

K24- هەولێر:

حەسەن نەورۆزی، پیاوی ئاینی و هاوكات ئەندامی لیژنەی دادوەری لە پەرلەمانی ئێران دووپاتی كردەوە، خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكراینییەكە لەلایەن هێزە سەربازییەكانی ئێرانەوە كارێكی ژیرانە بوو.

لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "هەمدەلی" كە بە زمانی فارسی وەشانی خۆی دەكات، حەسەن نەورۆزی پێچەوانەی گوتەكانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی كە گوتبووی "تەواوی ئەو كەسانەی لە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەرپرس بوون، دەستگیركراون"، گوتی: "هیچ سەربازێكی ئێرانی بەهۆی ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە، چونكە جڵەوگیری فڕۆكەكە بەدەست هێزە بیانییەكانەوە بوو، كە لەوانەیە ئیسرائیلی یان ئەمەریكی بووبن. سەربازەكانمان زۆر ژیرانە رەفتاریان كرد".

هەروەها گوتی: هەفتەیەك بەر لە خستنەخوارەوەی، فڕۆكەكە لە ئیسرائیل بوو و هەندێك گۆڕانكاری تێیدا كرابوو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو گۆڕانكاریانە و سەرچاوەی ئەو زانیارییانە بكات.

بە گوتەی نەورۆزی، "بڕیار بوو فڕۆكەكە بەرەو رۆژئاوا بفڕێت، بەڵام رێڕەوەكەی بەرەو باكوور گۆڕی و لە بری ئەوەی بە بەرزی 32 هەزار پێ هەڵفڕێت، لە ئاستی 8 هەزار پێ هەڵفڕی، چونكە ملكەچی كۆنترۆڵەری بیانی بوو، بۆیە سەربازانی ئێران لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە تەنیا ئەركی خۆیان بەجێ گەیاند".

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، "ئەو سەربازە ئێرانییەیان دەستگیر كردووە، كە فڕۆكە ئۆكراینییەكەی خستووەتە خوارەوە".

هەر لەمبارەشەوە غولام حسێن ئیسماعیلی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندبوو، "لێكۆڵینەوەی وردمان لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی ئۆكراینا كردووە و ژمارەیەك كەسمان بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیر كردووە".

رووداوی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكەیە و كوژرانی تەواوی سەرنشینەكانی، خۆپیشاندانی فراوانی لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا.

پێشتریش محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، "ئێران ناتوانێت كۆدی سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكراینییەكە بكاتەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نەبوو ئەو سندوقە رادەستی هیچ وڵاتێكی دیكە بكاتەوە بۆ ئەوەی كۆدەكەی بكەنەوە.

لە 8ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ سوپای پاسدارانی ئێران دوو مووشەكیان ئاراستەی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری ئۆكراینی كرد و خستیانە خوارەوە، تەواوی سەرنشینەكانی كە ژمارەیان 176 كەس بوون و هەڵگری رەگەزنامەی جیاواز بوون، لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا.

جێگای ئاماژەیە، فڕۆكەكە لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە هەڵفڕیبوو و بڕیار بوو لە رێگەی كیێفی پایتەختی ئۆكرایناوە بەرەو شاری تۆرنتۆی كەنەدا بەڕێ بكەوێت.

H.B