ئه‌نقه‌ره: چوونى سوپاى سووريا بۆ عه‌فرين كاره‌ساتێكى گه‌وره ده‌خوڵقێنێت
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره ره‌تيده‌كاته‌وه سوپاى سووريا هێزى ره‌وانه‌ى عه‌فرين كردبێت و رايده‌گه‌يه‌نێت، ئه‌گه‌ر ديمه‌شق هێز ره‌وانه‌ى عه‌فرين بكات، ئه‌وا؛ كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه.
جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و گوته‌بێژى حكوومه‌تى توركیا، به‌كر بۆزداغ، له دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى وڵاته‌كه‌ى، كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى سازكرد و تێيدا گوتى: "ئۆپراسيۆنى سه‌ر عه‌فرين به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ره‌سمى توركيا (ئه‌نادۆڵ) بڵاويكرده‌وه، بۆزداغ له‌باره‌ى زيانه‌كانى يه‌په‌گه و ئاكامى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانيه‌دا گوتى: "ئه‌مڕۆ تا كاتژمێر 1ى پاش نیوه‌ڕۆ ژماره‌ى ئه‌و تیرۆریستانه‌ى كوژراون، به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ هه‌زار و 651 تیرۆریست. تا له‌ناوبردنى كۆتا تیرۆریست له ناوچه‌كه‌دا ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به پێداگرییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت".
له به‌رامبه‌ردا يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل(يه‌په‌گه) به‌رده‌وام ئاماره‌كانى حكومه‌تى توركيا ره‌تده‌كاته‌وه و رايگه‌ياندووه، ئه‌وان "شه‌هيده‌كانيان" به رۆژى رووناك و له مه‌راسيمى جه‌ماوه‌ريدا به خاك ده‌سپێرن و زۆرينه‌ى ره‌هاى قوربانييه‌كانى عه‌فرين هاووڵاتيانى مه‌ده‌نين.
به‌كر بۆزداغ له‌باره‌ى هەواڵێکی ئاژانسی ساناوە گوتى: "ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) رایگەیاندووە، گوایە ژمارەیەک گروپی چەکداری سەر بە رژێمەکەی ئەسەد دەچنە ناو عەفرینەوە. بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەو ئاژانسەوە کارێکی درووست نییە، هەواڵێکی لەو شێوەیەش دوورە لە راستیيەوە".
ئه‌مڕۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (سانا)ى ره‌سمى سووريا بڵاويكرده‌وه، له داهاتوويه‌كى نزيكدا، چه‌كدارانى "هێزه ميلييه‌كان" ده‌گه‌نه عه‌فرين، بۆ پشتيوانيكردنى "خۆڕ‌اگرى خه‌ڵكه‌كه‌ى"، له به‌رامبه‌ر ئۆپراسيۆنى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر شاره‌كه.
ئاژانسه ره‌سمييه‌كه‌ى سووريا، هيچ زانيارييه‌كى له باره‌ى واده‌ى گه‌يشتنى ئه‌و هێزانه، بۆ عه‌فرين ئاشكرا نه‌كردووه.
دوێنێ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (رۆيته‌رز) بڵاويكرده‌وه، "سوپاى سووريا و ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين، رێككه‌وتوون له باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى سووريا بۆ عه‌فرين".
له‌و باره‌يه‌وه، به‌دران چيا، راوێژكارى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين، له (باكوورى سووريا) به ئاژانسه‌كه‌ى راگه‌ياند، "له ماوه‌ى دوو رۆژى داهاتوودا، سوپاى سووريا له هه‌ندێك خاڵى سنوورى عه‌فرين، بڵاوه‌يان پێده‌كرێت".
گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى سووريا، دواى ئه‌وه دێت له 2013ه‌وه ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له عه‌فرين راگه‌يه‌ندراوه. سوپاى سووريا له‌و ناوچه‌يه پاشه‌كشێى كردووه.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، دانووستانى چڕ له نێوان ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين و حكومه‌تى سووريا ده‌ستيپێكردووه، بۆ ئه‌وه‌ى سوپاى سووريا بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه، به‌رهه‌ڵستى له‌شكركێشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر شاره‌كه بكات.
به گوێره‌ى زانيارييه سه‌ره‌تاييه‌كان دوێنێ هه‌ردوولا له رووى سه‌ربازييه‌وه گه‌يشتوونه‌ته رێككه‌وتن. بڕياريشه له باره‌ى پرسه ئيدارى و سياسييه‌كانه‌وه دانووستانى نێوان هه‌ردوولا، درێژه‌يان هه‌بێت. وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاژانسى ئه‌نه‌فه‌ى نزيك له په‌يه‌ده بڵاويكردووه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، رێزان گلۆ، ھاوسەرۆكی دەستەی بەرگری كانتۆنی جزیره، بە كوردستان24 ی راگەیاند، "تا ئێستا ھیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی سووریا نییە. بە ھیچ شێوەیەكیش عەفرین رادەستی حكومەت ناكەن". له هه‌مان كاتيشدا گوتى: "پێویستە حكومەت دژی ھێرشەكانی توركیا لەسەر عەفرین بێته ده‌نگ".
به‌كر بۆزداغ سەبارەت بە ئه‌گه‌رى گواستنه‌وه‌ى هێزى سه‌ربازیى سووریا بۆ عه‌فرین هۆشدارى دايه ديمه‌شق و رايگه‌ياند، "ئه‌گه‌ر رژێمى سووریا به‌مه‌به‌ستى به‌رگریكردن له په‌یه‌ده/یه‌په‌گه بیر له گواستنه‌وه یه‌كه سه‌ربازییه‌كان بۆ عه‌فرین بكاته‌وه یانیش هه‌نگاوێكى به‌م جۆره بنێ، ئه‌وا ده‌بێته هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى كاره‌ساتى گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، رايگه‌ياند، "ئێمه كێشه‌مان نييه، ئه‌گه‌ر سوپاى سووريا بگه‌ڕێته‌وه عه‌فرين؛ بۆ ئه‌وه‌ى له يه‌په‌گه پاكى بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ پاراستنى ئه‌و رێكخراوه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وا؛ هيچ كه‌سێك ناتوانێت به‌ر به سه‌ربازانى تورك بگرێت".
له نوێترين زانياريدا، سايتى ئه‌لمودن بڵاويكرده‌وه، ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانى توركيا هه‌موو ئه‌و رێگايانه‌يان بۆمبابارانكردووه، كه چاوه‌ڕوانده‌كرا، كاروانى هێزه "ميلييه‌كان"ى سه‌ر به سووريا پێياندا تێپه‌ڕن به‌ره‌و عه‌فرين.
هه‌روه‌ها بڵاويكرده‌وه، به هۆى ئه‌و بۆمبابارانه‌ى فڕۆكه‌كانى توركياوه، منداڵێكى 11 ساڵ گيانى له‌ده‌ستداوه و 8هاووڵاتى ديكه بريندار بوون.
سايته‌كه ئاشكراشيكردووه، هۆكارى دواكه‌وتنى چوونى هێزه چه‌كداره‌كانى سه‌ر به ئه‌سه‌د بۆ عه‌فرين، به هۆى "گرفتى لۆجستييه‌وه" بووه.
ئ.ر