محەمەدی حاجی مەحمود چەند نهێنییەکی 16ی ئۆکتۆبەر ئاشکرادەکات

"بۆ من چەند جار ئازاری زیاترە"

K24 – هه‌ولێر:

لە دیداریدا لەگەڵ کوردستان24, محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە پێنجەم رۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر چەند راستییەک لەسەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەخاتەڕوو.

محەمەدی حاجی محمود لەبارەی هۆکاری روودانی 16ی ئۆکتۆبەر گووتی: "کەرکووک و هەمووشتێکی کەرکووک بەدەست کوردەوە بوو. کورد لە لووتکە بوو، 16ی ئۆکتۆبەر شمشێرێکی زۆر خراپبوو لە کورد درا، کورد خۆشی لە خۆیدا".

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "16ی مانگ دواین رۆژ بوو، بەڵکو ئەو پرۆسەیە لە 12ی مانگ دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی دەورووبەری کەرکووک پێش 16ی مانگ تەسلیمکرابوون".

ئەو سیاسییە دێرینەی کورد کە کوڕەکەی لە کەرکوک شەهید بووە و خۆشی دووجار لەو شارە بریندارکراوە، جیا لە بەدەستەوەدانی شارەکە شتگەلێکی دیکە ئازاری دەدەن ئەویش وەک خۆی دەیڵێت: "کاتێک مەلا عبدوڵڵا گیرا، شەهید حوسەین مەنسوورم دەهاتە پێشچاو. کە وتیان تەلوەرد گیراوە شێوەی عەلی ئاغا و عەتام دەهاتەوە پێشچاو، کە وتیان مەکتەب خالید رادەستکرا، شێوەی شێرکۆ شوانیم هاتە پێشچاو، بۆیە رەنگە بۆ کەسانێک یەکجار ناخۆشبێت بەڵام بۆ من چەند جارێک ناخۆشبوو".

لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی بەشێک لە فەرماندە و سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، شاری کەرکووکییان داگیرکرد. دوا بە دوای ئەوەش دژایەتیکردنی کورد دەستیپێکرد و دەیان کوردی ناوچەکانی دوزخورماتوو، کەرکووک و دەوروبەری شەهید و دەربەدەرکران.

H.J