شاره‌زایه‌كی پێشووی ئه‌پڵ هۆشداری له شكستی ئایفۆن ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
هيو دوبيرلى, كه پێشتر له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری داهێنانه‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ كاریكردووه، پێشبینی ده‌كات ئایفۆن به‌رامبه‌ر سامسونگی ركابه‌ری، له بازاڕدا شكست بهێنێت.
دوبيرلى له باره‌ی شكسته‌كه‌ی ئایفۆن ده‌ڵێت: "شكستی ئایفۆن په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه سامسونگ پێشكه‌وتووتر بێت و باشتر بووبێت، به‌ڵكو ئه‌پڵ گۆڕاوه، به‌داخه‌وه ئه‌و گوڕوتینه‌ی كاركردن له‌سه‌رده‌می ستیڤ جۆبز هه‌بوو، ئێستا نه‌ماوه".
دوبیرلی به پێویستی ده‌زانێت ئایفۆن داهێنانی تازه بهێنێته‌وه ئاراوه له مۆبایله‌كانی داهاتووی، به‌تایبه‌ت ئایفۆن 8، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له بازاڕدا ركابه‌ری سامسونگ بكات، كه پێشبینی ده‌كرێت تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گالاكسی 8 له ئایفۆن 7 زۆرتر و باشتر بێت.
به گوێره‌ی زانیارییه دزه‌پێكراوه‌كانی، ئایفۆن 8، كه بڕیاره له ماوه‌ی داهاتوو بخرێته بازاڕه‌كانه‌وه، به شاشه‌ی OLED و به قه‌باره‌ی 5.8 ئینج بێت، هه‌روه‌ها كامێراكه‌شی تایبه‌تمه‌ندی 3D بێت.
وه‌ك پێشبینی ده‌كرێت پرۆسێسه‌ره‌كه‌ی A11ى و خێراییه‌كی له راده‌به‌ده‌ر به مۆبایله‌كه ده‌به‌خشێت و بارگاوی كردنه‌وه‌شی وایه‌رلێس ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به دوگمه‌ی هۆم و په‌نجه‌مۆر، كه یه‌ك دوگمه‌ن، له ئاستی شاشه‌ی مۆبایله‌كه ده‌بێت، نه‌ك بارزتر بێت، كامێرای دواوه‌شی دووانه ده‌بێت، به‌ڵام له ته‌نیشت یه‌ك نابن، وه‌ك ئایفۆن 7، به‌ڵكو یه‌كێكیان له‌سه‌ره‌وه و ئه‌وی دیكه‌ی له ژێره‌وه‌ی لێنزی یه‌كه‌م ده‌بێت.