لە سلێمانی پەردە لەسەر ئەگەری ساختەكاری گەورە ھەڵدەدرێتەوە

بۆ زیادكردنی دەنگەكانیان لە ھەڵبژاردن كارتە كۆنەكان بەكاردەھێننەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سلێمانی ئەوە دەخەنەروو، زانیاریان پێگەیشتووە کە پارتێکی سیاسی دەسەڵاتدار پلانی ھەیە زیاتر لە 100 ھەزار کارتی دەنگدانی ھەڵبژاردنی پێشووی 2014 بۆ ئەم ھەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی خۆی بەکار بھێنێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان ھیچ پلانێکی ساختەکارییان نییە، یەکگرتووی ئیسلامیش رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنە دەسەڵاتدارانەی دەنگیان کەمیکردووە گومانی ساختەکاریان لێدەکەن.

پرۆسەی دەنگدان بووە بە ئەلیکترۆنی و ھێشتا مەترسی ساختەکاری ماوە، دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، زانیاری و راپۆرتیان بە دەست گەیشتووە و چاودێرانی خۆیان لەھەر پلانێکی لەو جۆرە ئاگادار کردووەو دەڵێن، ھێزێکی دەسەڵاتدار لە پارێزگای سلێمانی لە رێگای دووبارە بەکارھێنانەوەی ئەو کارتانەی کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2014 پەرلەمانی عێراق لەلایەن ھاووڵاتیانەوە وەرنەگیراونەتەوە دووبارە کاری پێبکرێت و بەڵگەی بۆ دروست بکرێت و دەنگی لە دەست چووی خۆیانی پێ زیاد بکەن.

جەلال قادر، ئەندامی دەزگای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "زانیاریمان ھەیە كارتەكانی ھەڵبژاردنی 2014 كە وەرنەگیراونەتەوە، لایەنێكی سیاسی لە سلێمانی بەڵگەنامەیان بۆ دروست دەكات و لە رۆژی دەنگدان بە خەڵكی تایبەتی خۆیان بەكاری دەھێننەوە، بۆ ئەوەی دەنگەكانیان پێ زیاد بكەن".

ئەو کارتانەی گومان دەکرێت بە ساختەکاری پێبکرێت ژمارەیکەی لە 100 ھەزار کارت زیاترە، دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی رەتیدەکەنەوە، ئەوان ھیچ پلانێکیان بۆ کارێکی لەو جۆرە ھەبێت و دەڵێن، سیستمی ئەلیکترۆنی رێگە لە ھەموو کارێکی ساختەکاری دەگرێت.

لەوبارەوە د. بڕیار رەشید، وتەبێژی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "ئەو جۆرە قسانە ھی ئەو لایەنەنانەیە كە نەیانتوانیوە لە رابردوودا خزمەتی خەڵك بكەن، ئەو قسانە بۆ ئەوەیە كە بە دژایەتی یەكێتی دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، ناتوانرێت كارتەكانی 2014 بەكاربھێندرێت، پرۆسەی دەنگدان لەبەر ئەوەكراوە بە ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی ساختەكاری نەمێنێت".

یەحیا عومەر رێشاوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ئەو لایەنەنانەی دەسەڵات كە دەنگیان كەمیكردووە، پەنا دەبەنە بەر ھەموو شتێك نا یاسایی بۆ ئەوەی دەنگەكانی خۆیان پێ زیاد بكەن".

لە ھەرێمی کوردستان 27 قەوارەی سیاسی کێبرکێی بەدەست ھێنانی 46 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، بە جۆرێك 18 کورسی پشکی پارێزگای سلێمانییە، بەرپرسێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ساختەکاری تێدابووە و گومانیش دەکەن لەم ھەڵبژاردنەشدا ئەو ھێزە دەسەڵاتدارانەی جەماوەریان کەمبووە پەنا ببەنە بەر کاری پیشێلکاری.

3 ملیۆن و 144 ھەزار و 730 ھاووڵاتی لە ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە، تا ئێستاش نزیکەی لە 20% دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتوەتەوە.

ھ.م