بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جوتیارانی سنووری ھەولێر چەند بڕیارێك درا

.

K24 - ھەولێر

نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ھەولێر لەسەر چەند خاڵێك گەیشتوونەتە رێككەوتنم بۆ ئەوەی بەرھەمی جوتیاران ساغبكرێتەوە. ئاشكراشی دەكات، کارگەی قوتوبەندی هەریر لە نزکترین کاتدا بەكاردەخرێتەوە.

دەقی راگەیەندراوی نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر:..

دوا بە دوای ئەوەی دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری بەشیك لەو جوتیارانە کرد کە کێشەی ساغبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی کشتوکاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر، گەیشتینە ئەو دەرەنجامانەی خوارەوە.

یەکەم/ بۆ ساخکردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لە جوتیاران، کارگەی قوتوبەندی هەریرلە نزکترین کات بەگەڕدەکەوێتەوە و دەست دەکرێت بە کڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ کارگەکە.

دووەم/ بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بکڕێتەوە و وەک کاری خێرخوازی لە کەمپ و گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر دابەشی بکات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.

سێیەم/ بۆ پشتگیریکردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا کارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری کرد و میکانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی کڕیارانی تەماتە و بەربوومی کشتوکاڵی.

چوارەم/ بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێکی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقاڵەکانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەکی گونجاو.