چەند گۆڕێکی دیکەی ئەنفالکراوەکان لە پارێزگای موسەننا هەڵدەدرێنەوە

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای موسەننایان کرد

K24 – هه‌ولێر:

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، چوار گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای سەماوە دۆزرانەوە، شاندێکی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی زیاتری ئەنفالکراوەکان سەردانی پارێزگاکەیان کرد.

نەبیل کامیل، بەڕێوەبەری چاودێریی پارێزگاری موسەننا لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێم بە کوردستان24ی راگەیاند:"باسمان لەو هەنگاوانە کرد کە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی پارێزگای مووسەنا دەبێت بگیرێنە بەر".

راشیگەیاند: "پەیوەندی بەردەوامان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لێکۆڵینەوەی ورد لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکرێت، پرۆسەی گەڕانیش بەرداوەمە و هەندێک زانیاری پشتڕاستنەکراوەکەمان هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا، تاکو ئێستا سێ گۆڕی بە کۆمەڵ لە سنووری موسەننا بوونیان هەیە و نەدۆزراونەتەوە.

بەختیار فەرەج، سەرپەرشتیاری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەهیدان ئاشکرایکرد: "ئێمە ئەمڕۆ تەنها بۆ بینینی شوێنەکان هاتووین و دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان دەست بە پشکنین و هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا، پارێزگای موسەننا لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و میکانیزمی دۆزینەوە و هەڵدانەوەیان چاوی بە سەرۆک مەسعود بارزانی کەوتووە.

لەدوای دیدارەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم و پارێزگای موسەننا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێنەری هەردوولا ئەوەیان دووپاتکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارێزگای موسەننا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دۆزینەوەی تەواوی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بۆ ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکات.

H.J