بههۆی بهفربارین رێگای نێوان راپهڕین - سلێمانی داخرا
K24- ههولێر:
بەهۆی بەفر بارینەوە ڕێگای نێوان دەڤەری ڕاپەڕین ـ سلێمانی لە ناوچەی شێخ عوبێد داخراوه و تیمەکانی شارەوانی خەلەکان هەوڵی کردنەوەی ڕێگاکە دەدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ بههۆی بەفربارینهوه ڕێگای هاتوچۆ لە ناوچەی شێخ عوبێدی سەر بەشارەدێی خەلەکان، پەکی کەوت، بەوتەی شایەتحاڵەکانیش زیاتر لە ۲۰ ئۆتۆمبێل کە لە ناویاندا ئەمبۆڵانسی فریاکەوتنیان تێدابوو، لەڕێگاکە گیریان خواردووه.
یادگار عبدالکریم، بەڕێوبەری ناحیەی خەلەکان بە کوردستان ۲٤ی ڕاگەیاند، ڕێگاکە بۆ ماوەیەک داخرا، بەڵام ئێستا تیمەکانی شارەوانی کار بۆ لەکردنەوەی ڕێگاکە دەکەن و توانیویانە سایدێکی ڕێگاکە بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک بکەنەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ناتوانن لهو رێگهیه هاتووچۆ بكهن.
بەڕێوبەری ناحیەی خەلەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەفر بارین ئێستا بەردەوامە و ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەکاتەوە.
ناوچەی شێخ عوبێد کە ڕێگایهكی سەرەکیە و دەڤەری ڕاپەڕین و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ساڵانە بەفر بارین ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ دروست دەکات، گیرانی ئەو ڕێگایە هاتوچۆ لەنێوان دەڤەری ڕاپەڕین و هەولێر و دهۆکیش بەسلێمانیەوە لەڕێگای سماقوڵی پەک دەخات.
H.B