ئەم وەرزە دیاردەیەکی سەرشێتانە لەناو ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئەوروپا سەریهەڵداوە

رامۆس و مێسی و سوارێز و ئەگوێرۆ بەشێکن لەم دیاردە پڕ سەرکێشییە

جێبەجێکردنی پێناڵتی لەسەر شێوازی پانێنکا لەم وەرزە بووەتە دیاردە و تاکو ئێستا سێرخیۆ رامۆس و لویس سوارێز و لیۆ مێسی و سێرخیۆ ئەگوێرۆ لەم وەرزە بەم شێوازە بەختی خۆیان تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو بووینە، کە رامۆس لەم وەرزە پێنج پێناڵتی بەم شێوەیە جێبەجێکردووە و هەر پێنج جاریش سەرکەوتوو بووە و گۆڵی کردووە، تاکو ئێستا لە کاروانی وەرزشی خۆی بەرگریکارە مەدریدییەکە هەشت گۆڵی بەم شێوەیە کردووە کە دوایینیان لەگەڵ ئیسپانیا بەرامبەر نەرویج بوو.

ئەم وەرزە بووەتە وەرزی پێناڵتییەکانی پانێنکا، هەر یاریزانێک لێدانی سزای بۆ هەژمار بکرێت بژاردەی یەکەمی جێبەجێکردنی پێناڵتییەکەیە بە شێوازی پانێنکا.
سێرخیۆ رامۆس دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆربەی لێدانە سزایەکانی ریال مەدرید جێبەجێ دەکات، لەم وەرزە تاکو ئێستا پێنج لێدانی سزای لەسەر شیوازی پانێنکا جێبەجێکردووە و تاکو ئێستاش لە سەرجەمیان سەرکەوتوو بووە و گۆڵی کردوون، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە رامۆس لەسەر شیوازی پانێنکا لێدانی سزا جێبەجێ بکات، بەڵکو ئەو بەرگریکارەی ریال مەدرید پێشتریش سێ گۆڵی دیکەی بە لێدانی سزا بەم شێوازە تۆمار کردبوو.

ماتادۆرە مەدریدییەکە لەسەر ئەم سەرکێشییە پڕ مەترسییەی بەردەوامە، لە کاتی جێبەجێکردنی پێنالطییەکان بە خێرایی بەرەو تۆپەکە دەچێت و لە هەنگاوەکانی کۆتاییدا هێواش دەبێتەوە و بە شووت لە ژێرەوەی تۆپەکە دەدات و تۆپەکە ئاراستەی ناوەڕاستی گۆڵ دەکات، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تاکو ئێستا هیچ گۆڵپارێزێک بەم فێڵەی رامۆسی نەزانیوە و سێرخیۆ فێڵی لە هەموویان کردووە.
جگە لە رامۆس، ئەم وەرزە لیۆ مێسی و لویس سوارێز و سێرخیۆ ئەگوێرۆش بە ستایلی پانێنکا لێدانی سزایان جێبەجێکردووە و گۆڵیشیان کردووە.
سوارێز لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە یاریی گەڕانەوە هەمان کاری پانێنکای دووبارە کردەوە و فێڵی لە کەیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی ریال مەدرید کرد.
ئەنتۆنیۆ پانێنکای یاریزانی بەناوبانگی چیکی یەکەم یاریزان بوو لە مێژووی تۆپی پێ بەمشیوەیە پێناڵتی لێ بدات، لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 1976 بەرامبەر ئەڵمانیا لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان گۆڵی سەرکەوتنی بۆ چیک کرد و چیک بەم پێناڵتییە بە ئەنجامی ٥ گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بردنەوەی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی ئەوروپا.