دوو تەقینەوە لە عەفرین روویاندا

پاسێکی کردووەتەوە ئامانج

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 20/01/2019، دوو تەقینەوە لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان روویاندا و قوربانیی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوو بۆمبی چێندراو کە یەکێکیان پاسێک کە هاووڵاتی ئاسایی تێدابووە کردووەتە ئامانج تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا، سێ کەس کوژراون و ١٢ی دیکەش بریندار بوون.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لەو بۆمبانە پێش تەقینەوەی ئاشکرا کراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقێندراوەتەوە.

رەفعەت شیخ سیدی، خاوەن و شوفێری پاسەکە کە هاووڵاتییەکی کوردە، بە سەختی برینداربووە و بۆ چارەسەر رەوانەی تورکیا کراوە, هەروەها بریندارەکانی دیکە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی لە گەڕەکی مەحموودییە گوازراونەتەوە.

لە 18 ئاداری ساڵی 2018، سوپای تورکیا و میلیشا هاوئاوازەکانی لە سووریا، شاری عەفرینیان داگیرکرد و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەو شارە کشایەوە, تەقینەوەکەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە کە لە 19ی کانوونی دووەم بە بۆردومانکردنی سنوورەکان دەستیپێکرد.

لە ماوەکانی رابردوو، چەند جارێک تەقینەوە لەو شارەی رۆژئاوای کوردستان روویداوە و چەندین هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.